مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی رۆژئاوای كوردستان دێتەدەنگ

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 96

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەی هێرشی گروپە میلیشیاكانی سووریا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دێتەدەنگ و رایدەگەیەنێت: ئیدانەی بێدەنگی بەرامبەر هەڕەشەكردن لە گەلەكەمان دەكەین كە جێی قبوڵ نییە.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لەو راگەیەندراوەیدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 20-1-2026 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی و نێوەندگیرانی رێككەوتننامەی دیمەشقە، دژی ئاڵۆزییەكان و سەنگەرلێگرتن لە هاوڵاتییانی مەدەنی، بووەستنەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

نیگەرانی قوڵی خۆمان لەو رووداوانەی چەند رۆژێكە، لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا روودەدەن، دەردەبڕین، وێڕای هاوسۆزیمان لەگەڵ گەلەكەمان لە رۆژئاوا، كە لە جیاتی جیهان، قارەمانانە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشی كرد، ئیدانەی بێدەنگی بەرامبەر هەڕەشەكردن لە گەلەكەمان دەكەین كە جێی قبوڵ نییە و پێمانوایە، ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی و نێوەندگیرانی رێككەوتننامەی دیمەشقی لە 10-3- 2025 یش ئەوەیە دەستبەجێ دژی ئاڵۆزییەكان و سەنگەر لێگرتن لە هاوڵاتییانی مەدەنی بووەستنەوەو  گوشار بكەن بۆ پایەداركردنی بژاردەی ئاشتی نەك بژاردەی شەڕ، كە دەرئەنجامەكەی لەبەرژەوەندیی هیچ لایەك نابێت، بەتایبەت دوای  پەرەسەندنەكانی هەڵاتن و دزەكردنی چەكدارانی داعش لە زیندانەكان، بۆیە پشتگیریی خۆمان لە گەلەكەمان و لەهەر هەوڵێك دووپاتدەكەینەوە كە ئەو مەترسییانە وەك خۆی دەبینێ و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نەخوازراوەدا دەكات.

مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن