وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی بۆسەر كەرتی غەززە دەستپێدەكاتەوەو چەند ناوچەیەك بە خەستیی بۆردومان دەكات.
میدیاكانی ناوخۆی غەززە بڵاویانكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 28-1-2026، سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی بۆسەر چەند ناوچەیەكی غەززە ئەنجامدا و ژمارەیەك باڵەخانەی خاپوور كرد، بەڵام تائێستا ژمارەی كوژرا و برینداران بەهی ئەو هێرشانەوە ئاشكرا نەكراوە.
هاوكات لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەكان، سوپای ئیسرائیل چەندین باڵەخانەی لەو ناوچانەی كەرتی غەززە تەقاندەوە كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانیاندایە، ئەمەش بەگومانی هەبوونی جموجۆڵی تیرۆریستانی حامس، كە بەسوود وەگرتن لە تونێلەكان، خۆیان گەیاندبووە ئەو ناوچانە.
هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكای ئەمریكا بۆ دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی رێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە، كە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنێكی نێودەوڵەتی پێكهێنراوە بۆ دەستكردن بە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە، ئەنجومەنەكە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە سەرۆكایەتی دەكرێت و چەندین وڵاتی عەرەبی و جیهانییش ئەندامن تێیدا.