راچڵەكین -
خوان لاپۆرتا، سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستەكەی رادەگەیەنێت و خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی یانەكەش ئامادە دەكات و چاوی لەوەیە بۆ پێنج ساڵی دیكە لەو پۆستە بمێنێتەوە.
یانەی بەرسەلۆنەی ئیسپانی بڵاویكردەوە، لەچەند رۆژی داهاتوودا گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە پێكهاتە كارگێڕییەكەی دەكات و هەڵبژاردن بۆ سەرۆك و ئەندامانی نوێی كارگێڕیی یانەكە ئەنجام دەدات.
خوان لاپۆرتا، سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە بە فەرمی رایگەیاند كە جارێكی تر خۆی بۆ پۆستەكە هەڵدەبژێرێتەوە، كە بڕیارە رۆژی 15ی ئاداری ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێساكانی یانەكە، كە دەبێ ئەو كەسانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك و ئەندامی كارگێڕیی هەڵدەبژێرن، دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستەكانی ئێستایان پێشكەش بكەن، لاپۆرتا ناچارە بەفەرمی دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی سەرۆكی یانەكە پێشكەش بكات و خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە بكات.
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، رژی دووشەممەی داهاتوو یانەی بەرشەلۆنە بەفەرمی وادەی هەڵبژاردن و دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی ئێستای یانەكە رابگەیەنێت، كە بەگوێرەی زانیارییەكان، جگە لە لاپۆرتا، سێ كەسایەتی دیكە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی یانەكە دەدەن، ئەوانیش بریتین لە فیكتۆر فونت، چاڤی فیلاگوانا و مارك سیریا.