راچڵەكین-
تەقیینەوەی بۆمبێك لەبەردەم ماڵی بەرپرسێكی حەشدی شەعبی لە قەزای داقووق – لەكەركوك، گیانلەدەستدانی پۆلیسێكی كوردی لێكەوتەوە.
ڕووداوەكە بەجۆرێك بووە، كاتژمێر 8:30ی خولەكی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاداری 2026 ژینە پارێزێك لەكاتێكدا سەرقاڵی ئەركی خۆی بووە لەگەڕەكی زەهرە لە داقوق، لەنێو زبڵ و خاشاكی بەردەم ماڵی ئەو بەپرسەی حەشدی شەعبی بەناوی عەلی جەعفەر بۆمبێكی بینیوەو، دواتر پۆلیسی فریاكەوتنی لێ ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام بەرلەوەی پوچەڵبكرێتەوە بە تیمەكاندا تەقیوەتەوە.
بەهۆی ڕووداوەكەوە پۆلیسێكی كورد بەناوی مەهدی سەباح كاكەیی گیانی لەدەستداوەو سێ كەسی تر برینداربوون لە نێویاندا، بەرپرسەكەی حەشدی شەعبی، پۆلیسێكی فریاكەوتن وكارمەندێكی ژینگەپارێزی شارەوانی داقووق.
بریندارەكان رەوانەی فریاكەوتن كراون و هێزە ئەمنییەكان پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رووداوەكە كردووەتەوە.