راچڵەكین-
میدیایی ئیسرائیل و رۆژنامەیەكی ئەمریكی، ناوەڕۆكی مەرجەكانی واشنتۆن و تاران لەبارەی ئاگربەست بڵاودەكەنەوە كەلەئێستادا بەرپرسانی هەردوو وڵاتە سەرقاڵی ئامادەكردنین.
كەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە، مەرجەكانی ئەمریكا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست خۆی لە 15 خاڵدا دەبینێتەوەو لەلایەن جارید كۆشنەر- زاوای دۆناڵد ترەمپ و ستیڤ ویتكۆف- نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كاری لەسەر دەكرێت و بە ئاگربەستێكی یەك مانگی دەستپێدەكات بۆ رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ لەنێوان هەردوولادا.
ئەمریكا لەیەكێكی تر لەمەرجەكانیدا داوای پابەندبوونی ئێرانی كردووە بەوەی كە هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نەدات، هەروەها پیتاندنی هەر جۆرە ماددەیەكی ئەتۆمی لە ناو خاكی ئێراندا قەدەغە بكرێت و بەپێی خشتەیەكی كاتی دیاریكراو، تەواوی ماددە پیتێنراوەكان بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بگوازێتەوە و بنكە ئەتۆمییەكانی (نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ) لەكار بخرێت.
لەبەشێكی تری مەرجەكانی واشنتۆن بۆ تاران هاتووە كە پێویستە ئێران دەستبەرداری سیاسەتی گرووپە بریكارەكان و تاقمە چەكدارەكانی سەر بە خۆی لە وڵاتانی ناوچەكە ببێت و بەهەموو شێوەیەك تەمویلكردن و پڕچەككردنی ئەو گروپانە رابگرێت.
هاوكات واشنتۆن داوایكردووە، گەرووی هورمز وەك ناوچەیەكی دەریایی ئازاد بەكراوەیی بهێڵرێتەوەو، داخستنی لەلایەن هەر لایەنێكەوە قەدەغە بكرێت.
لەكۆتایی پێشنیارەكانی ئەمریكا بۆ ئاگربەست هاتووە، ئەگەر هاتوو ئێران پابەندی ئە مەرجانە بێت ئەوا تەواوی ئەو سزایانەی خراونەتە سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگیرێن و هاوكاری تاران دەكرێت بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی ئەتۆمی مەدەنی لە بوشەهر تەنها بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا.
لەلایەكی ترەوە، رۆژنامەی وۆڵ سترین جۆرناڵ حەوت مەرجی ئێرانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریكا بڵاوكردووەتەوە كە تیایدا داوایكردوەو سەرجەم بنكەكانی ئەمریكا لەناوچەی كەنداو دابخرێن، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی ئێران بەرامبەر ئەو زیانانەی لە جەنگدا بەریكەوتوون، هاوكات دانانی رێكخستنی نوێ بۆ گەرووی هورمز كە رێگە بە تاران بدات بەسەپاندنی باج بەسەر ئەو كەشتیانەی پێیدا تێدەپەڕن.
لەبەشێكی تری مەرجەكاندا هاتووە، گەرەنتی بدرێت بە تاران كە جارێكی تر ڕووبەڕووی هێرشكردن نابێتەوە، لەهەمان كاتدا هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر حزبوڵڵا لە لوینان رابگیرێن.
ئێران لەمەرجەكانیدا بۆ ئاگربەست پێداگری دەكات لەسەر هەڵگرتنی سەرجەم ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێندراون، لەگەڵ هێشتنەوەی بەرنامە مووشەكییەكەی بەبێ ئەنجامدانی هیچ گفتوگۆو دانووستانێك بۆ سنوورداركردنی.
هاوكات پێگەی ئەكسیۆس بڵاویكردووەتەوە، لایەنی ئێرانی بەو وڵاتانەیان راگەیاندووە كە هەوڵی نێوەندیگری دەدەن ( توركیا، میسرو پاكستان) كەلەماوەی رابردوودا دووجار لەلایەن دۆناڵد ترەمپ-ی سەركۆی ئەمریكا فێڵیان لێكراوەو نایانەوێت جارێكی تر فێڵیان لێبكرێت.