راچڵەكین -
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن رایدەگەیەنێت: هەر بەخێوكارێكی خوێندكار نەیەوێت منداڵەكەی لە قوتابخانەدا ئامادە بێت، غیابی لەسەر تۆمار ناكرێت و دەتوانێت سوود لە پلاتفۆرمەكانی خوێندنی ئەلیكترۆنی وەربگرێت، سەبارەت بە تاقیكردنەوەكانی قۆناغەكانی 9 و 12ی ئامادەییش، ساڵنامەی خوێندنیان بۆ هەموار دەكرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پەروەردە، كە ئەمڕۆ هەینی 27-3-2026 بڵاوكراوەتەوە، ڕۆژی یەكشەممە ٢٩ ی ٣ ی ٢٠٢٦، دەوامی ناوەندەكانی خوێندنی حكومی، ناحكومی و نێودەوڵەتی دەستپێدەكاتەوە، بە ڕەچاوكردنی ئەم خاڵانە:
١- هەر بەخێوكارێكی خوێندكار ئەگەر نەیەوێت منداڵەكەی لە پۆلی فیزیكیی قوتابخانەدا ئامادە بێت، (نەهاتن - غیابات)ی لەسەر تۆمار ناكرێت و دەتوانێت لە خوێندنگە حكومی و ناحكومییەكانی خوێندنی سیستمی وەزارەتی پەروەردەدا، سوود لە پلاتفۆرمەكانی خوێندنی ئەلیكترۆنی وەربگرێت (كە لەگەڵ ئەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەی پێ دەدرێت). تەنیا لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا بەگوێرەی خشتەی تاقیكردنەوەكانی خوێندنگە و وەزارەت ، لە خوێندنگە ئامادە بێت، بۆ ئەمەش پێویستە بەخێوكاری خوێندكار فۆرمی تایبەت لە خوێندنگە پڕ بكاتەوە. هەروەها مامۆستایان لە ڕێگەی گرووپی خوێندنگە یان ئەپڵیكەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) ئەركی ماڵەوە بنێرن بۆ ئەو خوێندكارانەی كە خوێندنی ئەلیكترۆنییان هەڵبژاردووە.
٢- خوێندكارانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان ئەگەر بەخێوكارەكانیان ئامادە نەبوون منداڵەكانیان بنێرنەوە خوێندنگە، پێویستە خوێندنگە نێودەوڵەتییەكە بە ڕێگەی ئۆنلاین، ئەلیكترۆنی یان هەر ڕێگەیەكی دیكە خوێندنیان بۆ فەراهەم بكات و تەنیا لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا پێویستە لە قوتابخانە ئامادە بن.
٣- خوێندنگە بیانییەكان دەتوانن بە هەمان شێوە سوود لە خاڵی (٢) وەربگرن، یان دەتوانن بڕیار بدەن تەواوی خوێندنەكەیان بكەنە ئۆنلاین یان ئەلیكترۆنی، بەگوێرەی بڕیاری دەستەی كارگێڕیی خوێندنگەكەیان.
٤- بە مەبەستی دڵنیایی بە خوێندكارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ٩ی بنەڕەتی كە تاقیكردنەوەی نیشتمانی و وەزارییان هەیە، ئاگاداریان دەكەینەوە كە وەزارەت سەبارەت بە تاقیكردنەوەكانیان ساڵنامەی خوێندنیان بۆ هەموار دەكاتەوە.
لە پۆلی ١ی بنەڕەتی تا ١٢ی ئامادەیی (خوێندنگەی حكومی و ناحكومی) دەتوانن سوود لە خوێندنی ئەلیكترۆنی وەربگرن لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (ئی-وانە) كە لە ئێستادا كارایە: https://ewane.krd
لە پۆلی ١ تا ٦ی بنەڕەتی پلاتفۆرمی كارلێكارانەی دیجیتاڵیی (قوتابخانەكەم) ئێستا كارایە بۆ خوێندكارانی خوێندنگە حكومییەكان: https://qutabxanekem.krd