راچڵەكین -
بەڕێوەبەرایەتی ئاودێریی هەولێر روونكردنەوە سەبارەت بە داڕمانی بەشێكی پۆندی دارەتوو دەدات و رایدەگەیەنێت: پۆندەكە لە قۆناغی جێبەجێكردندایە و هێشتا كارەكانی بەكۆتا نەهاتووە، بەڵێندەر و لیژنەی سەرپەرشتیاریش ڕاسپێردراون دوای تەواوبوونی شەپۆلی بارانبارینەكە، بە شێوازێكی ئەندازیاری دەست بە چاككردنەوەی ئەو بەشانە بكەن كە زیانیان بەركەوتووە.
ئەمڕۆ هەینی 27-3-2026، بەڕێوەبەرایەتی ئاودێریی هەولێر روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە داڕمانی بەشێكی پۆندی دارتوو بڵاوكردەو و تێیدا هاتووە، "دوای بەدواداچوونی پارێزگاری هەولێر بۆ ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی پۆندی دارەتوو بڵاوكرانەوە، بە پێویستی دەزانین ئەم ڕوونكردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بڵاو بكەینەوە":
١- پۆندی دارەتوو لە قۆناغی جێبەجێكردندایە و هێشتا كارەكانی بەكۆتا نەهاتووە، ڕێژەی ئەنجامدانی پڕۆژەكە تەنها ٧٨٪ـە.
٢- بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی ڕێكەوتی ٢٦ی ٣ باری، بڕێكی یەكجار زۆر ئاو ڕووی لە پۆندەكە كرد. هاوكات بەنداوی چەمرگەش بەهۆی پڕبوونی حەوزەكەیەوە، دەرچەی خوارەوەی كرابووەوە و لە سەرڕێژەكەشیەوە ئاوی لێ دەچوو، ئەمەش بڕی ئاوەكەی زیاتر كرد.
٣- بەهۆی ئەوەی پڕۆژەكە تەواو نەببوو و هەندێك بڕگەی بەهۆی بارودۆخی دارایی مابوون، بارانە لێزمەكە بووە هۆی داڕمانی بەشێكی نێوان سەرڕێژ و لاشەی پۆندەكە.
٤- جەخت دەكەینەوە كە لاشەی سەرەكی پۆندەكە هیچ زیان و داڕمانێكی تێدا نییە. بڕی ئەو ئاوەی لە حەوزەكەوە بەرەو خوارووی پۆندەكە دەچوو، تەنها بەقەد بڕی ئاوی سەرڕێژەكە بووە، بۆیە هیچ مەترسی و زیانێكی بۆ ناوچەكانی خواروو دروست نەكردووە.
لە ئێستادا بەڵێندەر و لیژنەی سەرپەرشتیار ڕاسپێردراون كە دەستبەجێ دوای تەواوبوونی شەپۆلی بارانبارینەكە، بە شێوازێكی ئەندازیاری دەست بە چاككردنەوەی ئەو بەشانە بكەن كە زیانیان بەركەوتووە.