راچڵەكین -
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی چەند رێنماییەك لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكان بڵاودەكاتەوەو دەسەڵاتی پێداچوونەوە بە رێكخستنەوەی ساڵنامەی خوێندنیش بە زانكۆكان دەدات ئەگەر پێویست بكات.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئاماژە بە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 26-3-2026 و هەروەها ئاماژە بە كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە لە ڕۆژی هەینی 27-3-2026، دواتر پەسەندكردنی پێشنیارەكانی هەردوو وەزارەت لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی قەیرانەكان لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، رۆژی یەكشەممە 29-3-2026 دەوامی سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان (حكومی و تایبەت) دەستپێدەكاتەوە، بەڕەچاوكردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١. ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 28-3-2026 دەرگای سەرجەم بەشەناوخۆییەكان كراوە دەبێت بۆ پێشوازیكردن لە خوێندكاران.
٢. زانكۆكان دەسەڵاتیان هەیە بۆ پێداچوونەوە بە رێكخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن ئەگەر پێویست بكات.
٣. زانكۆكان ئەولەویەت دەدەن بە وانە كرداری و پراكتیكییەكان بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە كات.
٤. پرۆسەی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا و خوێندنی پێداگۆجی و خوێندنی سەنتەرەكانی زمان بەپێی پلان و بەرنامەی پێشووی خۆیان بەڕێوەدەچن.
٥. خوێندكارانی ماستەر و دكتۆرا ئەگەر بەهۆی ئەم ماوەی پشووی ڕابردوو كاتی فەرمی خوێندنیان تەواو بووە و نەیانتوانیوە گفتوگۆی نامەكانیان بكەن، ئەوا قەرەبووی ئەو ماوەیە دەكرێنەوە.
٦. بەمەبەستی ڕەچاوكردنی دۆخی دەروونی و سەلامەتی گیانی خوێندكاران پێویستە لەسەر زانكۆكان ئاسانكاری پێویست ئەنجام بدەن بەمەرجێك كار نەكاتە سەر كواڵیتی خوێندن.
٧. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەهەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكان بەووردی و بەردەوام هەڵسەنگاندن و چاودێری بارودۆخەكە دەكەن، لەحاڵەتی هەر پێشهات و گۆڕانكارییەك ڕێكاری پێویست دەگیرێتەبەر.