راچڵەکین-
مالیک شەریعەتی، نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند: پڕۆژەیاسایەک بە ناوی پاراستنی مافە ئەتۆمییەکانی گەلی ئێران لە پەرلەمان تۆمار کراوە و ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێکی یاسایی و سیاسی نوێی تاران دەبینرێت لە بەرامبەر پەرەسەندنەکانی دۆسیەی ئەتۆمی و فشارە نێودەوڵەتییەکان.
بە وتەی ناوبراو، تەوەری سەرەکی و گرنگترین خاڵی ئەم پڕۆژەیاسایە، ڕاگەیاندنی فەرمیی کشانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کە بە (NPT) ناسراوە، ئەم بڕیارە ئەگەر پەسەند بکرێت، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا دروست دەکات و کۆتایی بە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتە دەهێنێت لەو بوارەدا.
هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، پڕۆژەیاساکە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە دەکات کە پێشتر بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) دەرچووبوون. لە جیاتی ئەوە، جەخت لەسەر واژۆکردنی پەیماننامەی نوێ لەگەڵ وڵاتانی هاوهەڵوێست دەکرێتەوە، بەتایبەت وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکانی وەک شانگهای و بریکس، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە پەرە بە تەکنەلۆژیا ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی خۆی بدات.