حکومەتی هەرێم رێنمایی نوێ دەردەکات بۆ روماڵی لێکەوتەی هێرشەکان

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 127

راچڵەکین-

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، لەپێناو گەیاندنی پەیامێکی پیشەیی و نیشاندانی تاوانە مرۆییەکان لە هەرێمی کوردستان بە جیهان، ڕێککار و ڕێنوێنی بۆ ڕووماڵکردنی شوێنە زیانلێکەوتووەکانی سڤیل بڵاو دەکەنەوە.

 

دەقی راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری:

لەپێناو گەیاندنی پەیامێکی پرۆفیشناڵ بە جیهان، داوا لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕە هەواڵییەکان دەکات کە ئارەزووی ڕووماڵکردنی شوێنە زیانلێکەوتووەکانی سڤیڵ دەکەن، پێویستە لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ناوی تیمەکانیان تۆمار بکەن، هەروەها هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پێشوەختە لە کات و شوێنی ڕووماڵکردنی مەیدانی ئاگادار دەکرێنەوە، ئەمەش تەنها لە ڕێگەی هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەبێت.

پابەندنەبوون بەم پرۆتۆکۆڵە، ناچارییە و مەرجی سەرەکییە بۆ ڕێگەپێدانی ڕووماڵکردن:

بە مرۆیی کردنی پەیامەکە: پێویستە ڕۆژنامەنووسان جەخت بکەنەوە لەسەر چیرۆکی کەسی قوربانییەکان و وێرانکردنی موڵک و ماڵی تایبەت. پێویستە ڕەهەندی تاوانکاریی ئەم هێرشانە وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی نیشان بدریت.

وێنەگرتنی سنووردار: وێنەگرتن لە شوێنی بەرز یان بەکارهێنانی وێنەی پان (Wide Shots) کە شوێنی جوگرافی بە وردی دیاری بکات، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. هەروەها بەکارهێنانی درۆن بۆ وێنەگرتن قەدەغەیە.

ناوچە قەدەغەکراوەکان: وێنەگرتنی چاڵی تەقینەوە، پاشماوەی مووشەک یان درۆنەکان لە نزیکەوە قەدەغەیە، نەیاران ئەم وێنانە بۆ دیاریکردنی جۆری چەک و گۆشەی هێرشەکە بەکاردەهێنن.

یاوەریی ناچاری: پێویستە تەنها لە چوارچێوەی ئەو "ڕێڕەوە دیاریکراوانەدا" بن کە لەلایەن تیمە ئەمنییەکانەوە دیاری دەکرێن بە هەماهەنگی فەرمانگە.

وتاری یەکگرتوو: پێویستە پەیامنێرەکان پەیامی مرۆیی بەرجەستە بکەن بۆ پێشکەشکردنی گوتارێکی میدیایی یەکگرتوو و ورد بەرامبەر جیهان.

دەرهاوێشتە یاساییەکان: هەر سەرپێچییەک لەم ڕێنماییانە، کەسەکە و دەزگاکە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەستبەجێ دەکاتەوە بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایش لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٦.

تێبینی:
نوێنەری دەزگاکان، پێویستە سەردانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بکەن لە ڕێکەوتی ٢٩ی ئازار لە کاتژمێر ١٠ بە بەیانی تا ١ی دوای نیوەڕۆ.
پێویستە نوێنەری دەزگاکان، نووسراوی پشتگیریی کارکردن لە دەزگاکە، لەگەڵ خۆیان بهێنن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن