وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر لوبنان چڕدەكاتەوە و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 49 كەس بەهۆی بۆردومانەكانەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 115 كەسی دیكەش بریندار بوون، بەمەش كۆی قوربانیانی ئەو وڵاتە لەسەرەتای هێرشەكانی ئیسرائیلەوە لە 2ی ئەم مانگەوە تا ئێستا، بۆ زیاتر لە چوار هەزار و 780 كوژراو و بریندار بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 29-3-2026، وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تائێستا سوپای ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر ناوچە جیاجیاكانی باشووری بەیروت و بەهۆیەوە 49 كەس گیانیان لەدەستداوە و 116 كەسی دیكەش بریندار بوون.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون لەئەنجامی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە خاپوور بوون و زیانێكی گەورەش بە ژێرخانی ناوچەكانی باشووری بەیروت گەیشتووە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باشووری بەیروت و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئەو وڵاتە، كە لە رۆژی 2ی ئەم مانگەوە تائێستا بەردەوامە، هەزار و 238 كەس گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی بریندارانیش بۆ سێ هەزار و 543 كەس بەرزبووەتەوە، كە زۆربەیان ژن و منداڵن.
بەردەوامبوونی هێرشەكانی ئیسرائیل، هاوكاتە لەگەڵ فەرمانە نوێیەكەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە، كە ئەمڕۆ بۆ سوپای ئیسرائیلی دەركردووە تایبەت بە پێشڕەویكردنی زیاتر بەرەو باشووری لوبنان و كۆنترۆڵكردنی هەموو ئەو ناوچانەی دەكەونە باشووری رووباری لیتانی، ئەمەش بەئامانجی پاراستنی ئاسایشی ناوچەكانی باكووری ئیسرائیل.