راچڵەكین -
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم زانیاریی لەبارەی پرۆسەی خوێند بەشێوەی ئەلیكترۆنی و دیجیتاڵی بڵاودەكاتەوەو راشیدەگەیەنێت: لەكاتی گونجاو هەمواركردنەوە و گۆڕانكاریی لە ساڵنامەی خوێندن دەكرێت وكاتی تاقیكردنەوەكان دیاری دەكرێت و مافی خوێندكاران پارێزراو دەبێت.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 29-3-2026 بڵاویكردەوە، وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەكردووە كە خوێندنگە ناحكومییە نێودەوڵەتیەكان و بیانییەكان خوێندنی ئۆنلاین بەگوێرەی سیستمی خۆیان بەركار دەكەن.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی پەروەردەوە:
پاش ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرۆسەی خوێندن، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی دەوام لە دووشەممە ٣٠ ی ٣ ی ٢٠٢٦ وە بە شێوەی ئامادەبوون، لەناو هەموو ناوەندەكانی خوێندنی حكومی و ناحكومی و نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان، تا ئەوكاتەی بەفەرمی ئاگادار دەكرێنەوە پرۆسەی دەوامكردنی ناو پۆل لە هەموو ناوەندەكانی خوێندن ئەنجامنادرێت.
خوێندنگە حكومییەكان بەشێوەی خوێندنی ئەلیكترۆنی و دیجیتاڵی دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییەكانی پلاتفۆرمی ( ئی-وانە) و پلاتفۆرمی ( قوتابخانەكەم ) وەربگرن ، یان سوود لە گروپە ئەلیكترۆنییەكانی خوێندنگەكان وەردەگرن بۆ پێدانی ئەركی ماڵەوە لەلایەن مامۆستایان بەشێوەی ڕۆژانە وێڕای پەخشكردنی وانەكانی هەموو قۆناغەكانی خوێندن لە هەرسێ (تەلەفزیۆنی پەروەردەیی ) هەولێر و سلێمانی و دهۆك كە لەهەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستان پەخشیان هەیە.
خوێندنگە ناحكومیەكانی سیستمی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنگە ناحكومییە نێودەوڵەتیەكان و بیانییەكان خوێندنی ئۆنلاین بەگوێرەی سیستمی خۆیان بەركار دەكەن.
دڵنیایی دەدەینە ناوەندەكانی خوێندن و خوێندكاران، لەكاتی گونجاو هەمواركردنەوە و گۆڕانكاریی لە ساڵنامەی خوێندن دەكرێت وكاتی تاقیكردنەوەكان دیاری دەكرێت و مافی خوێندكاران پارێزراو دەبێت .
وەزارەتی پەروەردە
٢٩ ی ٣ ی ٢٠٢٦