راچڵەكین-
ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆم، لەكاركەوتنی وێستگەیەكی ئەتۆمی ئێرانی راگەیاند كە تایبەت بوو بە ئاوی قورس.
ئاژانسەكە ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئاداری 2026 لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی هەفتەی ڕابردووی ئیسرائیلەوە، كۆمەڵگەی (خونداب) بۆ ئاوی قورس لە ئێران، بە تەواوی لەكار كەوتووەو، توانای بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی چالاكییە ئەتۆمییەكانی نەماوە.
لە كاتی هێرشەكەدا بۆ سەر وێستگەی خونداب ( كەلەناو میدیادا بە ئاراك ناسراوە) هیچ ماددەیەكی ئەتۆمیی تێدا نەبووە، بەهۆی ئەوەی بۆ شوێنێكی تر گواستراونەتەوە، بەڵام تەواوی كەرەستەكانی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی كە لە ناو وێستگەكەدا بوون و لەناوچوون.
گرنگی وێستگەی خونداب لەڕووی تەكنیكی و سیاسی لەوەدایە كە پێكهاتەیەكی سەرەكیی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە، نیگەرانییەكی نێودەوڵەتی زۆریش بەرامبەر ئەو وێستگەیە هەیە بەهۆی ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی ٨ بۆ ١٠ كیلۆگرام پلۆتۆنیۆم هەیە لە ساڵێكدا، كە مادەیەكی گونجاوە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی.