راچڵەكین-
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكارەكانی تەواوكردنی پرۆسەی خوێـندن بەشێوازی ئۆنڵایـن و دیجیتاڵی زانكۆو پەیمانگەكانی بڵاوكردەوە.
وەزارەتەكە لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، ئاماژە بە كۆبوونەوەی نا ئاسایی ژمارە (٢) ی ساڵی (٢٠٢٦)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كە ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 29-3-2026 بەشێوە ئۆنلاین بەڕێوەچوو، بفەرمون بە وەرگرتنی ڕێكارەكانی تەواوكردنی پڕۆسەی خوێندن بۆ ساڵی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- پڕۆسەی خوێندن لە ڕێكەوتی (٣٠/٣/٢٠٢٦) بەشێوەی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە سەرجەم زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەست پێدەكاتەوە، بە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانیشەوە.
٢- دەسەڵات دەدرێتە زانكۆ و پەیمانگەكان بەپێی شوێنی جوگرافی و تایبەتمەندی بەشە زانستییەكان بۆ گرتنەبەری هەر شێوازێكی خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵی و بەكارهێنانی یەكێك لە پلاتفۆرمە ستانداردە جیهانییەكان.
٣- سەرەڕای خوێندنی ئۆنلاینی ڕاستەوخۆ، زانكۆ و پەیمانگەكان پێویستە تەواوی وانەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەسەبەر بكەن لەسەر ئەو پلاتفۆرمەی كە بەكاری دەهێنن بۆ وانە وتنەوە.
٤- كۆلیجە پزیشكییەكان جگە لەو بابەتانەی كە بە ئۆنلاین وەریدەگرن، بۆ وانە پراكتیكی و تیۆرییەكانی تر دەتوانن بچنەوە ناو نەخۆشخانەكان و بەردەوامی بەخوێندن بدەن.
٥- ئەو وانانەی كە بەشێوەی ئۆنلاین و ڕاستەوخۆ دەگوترێنەوە، پێویستە لەكاتی دەوامی فەرمی و خشتەی وانەكانی ڕۆژانە دابن، واتە نابێت بخرێنە دوای دەوامی فەرمی و شەوان.
٦- سەبارەت بە وانە پراكتیكییەكان، ئەو وانانەی كە دەكرێت لەڕێگەی ئۆنلاین بوترێنەوە بەپێی پسپۆڕییە جیاوازەكان، ئەوا بەشێوەی ئۆنلاین دەگوترێنەوە، ئەو وانە پراكتیكیانەشی كە پێویستی بەناو كەمپەس دەبێت، زانكۆ چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەفتەكانی دواتر دەكەن بۆ ئەوەی لەكاتی ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەكە لەناو كەمپەس وانەكان بوترێنەوە.
٧- سەبارەت بە تاقیكردنەوەكان، پێویستە لەسەر زانكۆ و پەیمانگەكان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەكە بەپێی خشتەیەكی گونجاو بۆ هەر كۆلیج و بەشێكی زانستی تاقیكردنەوەكان ڕێكبخرێن، بەمەرجێك ڕەچاوی هاتوچۆی خوێندكارانی دەرەوەی شار بكرێت، لەهەمان كاتیشدا خشتەی كۆلیجەكان لەیەك كاتدا نەبن، ئەمەش بەمەبەستی دروست نەبوونی قەرەباڵغی ناو زانكۆ و بەشە ناوخۆییەكان.
٨- كۆڕسی خولەكانی پێداگۆجی و سەنتەرەكانی زمان بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوام دەبن.
٩- گفتوگۆی نامەكانی (ماستەر، دكتۆرا) هەروەك پێشتر وەزارەتمان بڕیاری لەبارەوە دابوو، تەنها سەرۆك و ئەندامانی لیژنە و سەرپەرشتیار و توێژەر ئامادەی گفتوگۆكە دەبن.
١٠- بەڕێوەبەرایەتی ئایتی لەسەرۆكایەتی سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكان لەم ماوەیەدا بەردەوام بەئەركی خۆیان هەڵسن بۆ چارەسەكردنی هەر گرفتێكی تەكنیكی بۆ كۆلێج و بەشەكان و هاوكاری كردنی خوێندكاران و قوتابیان.
١١- بۆ هەر پرسێك كە دێتە پێشەوە و لەم گشتاندنەدا ئاماژەی پێنەكراوە، ئەوا زانكۆ و پەیمانگەكان پەیوەندی بە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی ناو دیوانی وەزارەت دەكەن بەمەبەستی ڕێوشوێنی كردنیان.