راچڵەكین-
سەرۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێت، لەئێستادا هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كۆماری توركیادا نییەو "سەردەمی خەباتی چەكداری كۆتاییهاتووە، چی دیكە گەڕانەوە بۆ دواوە ئەستەمە"
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)، نوێترین پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان-ی ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستانی بڵاوكردەوە، پاش ئەو دیدارەی كە رۆژی 27ی ئەم مانگە لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵیدا ئەنجامیاندا.
ئۆجەلان لەبەشێكی پەیامەكەیدا لەپرۆسەی پرۆسەی چارەسەری لەتوركیا ئاماژەی بەوەكردووە، هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كۆماری توركیادا نییە، پرسی سەرەكی كەموكوڕییە لە دیموكراسییدا:"دیموكراسی تاكە چارەسەرە كە بەهێزبوونی كۆمار مسۆگەر دەكات."
ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە:" وەك لە بانگەوازی 27ـی شوباتیشدا ئاماژەم پێكرد، سەردەمی خەباتی چەكداری كۆتاییهاتووە، گەڕانەوە بۆ دواوە ئەستەمە:" پرۆسەكە "گواستنەوەیە بۆ ئاشتی لەگەڵ كۆماری دیموكراسیدا".
رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە جەختی لەوەكردووە، كە نابێت هەلە مێژووییەكان لەدەست بدرێن:" ئەو هەنگاوانەی دوای راپۆرتی كۆمیسیۆن دەنرێن، زۆر گرنگە بەبێ دواكەوتن بخرێنە چوارچێوەیەكی یاسایی گشتگیرەوە."