راچڵەكین-
بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا رایانگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، ئامادەیە كۆتایی بەجەنگی ئێران بهێنێت، تەناتەت ئەگەر گەرووی هورمزیش بەداخراوی بمێنێتەوە.
ئەو بەرپرسانەی ئیدارەی ئەمریكا بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-یان راگەیاندووە، ترەمپ سەرەتا هەوڵدەدات ئامانجە سەرەكییەكانی خۆی بەدیبهێنێت كە خۆی دەبینێتەوە لە لاوازكردنی هێزی دەریایی ئێران و كەمكردنەوەی یەدەگی مووشەكی ئەو وڵاتەو لەگەڵ فشارخستنە سەر ئێران لەڕووی دبلۆماسییەوە بۆ دەستپێكردنەوەی ئازادی بازرگانی لە گەرووی هورمز، پێش بیكردنەوە لە ئۆپراسیۆنی سەربازی راستەوخۆ بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەكردووە، دۆناڵد ترەمپ كردنەوەیی گەرووی هورمز بە كارە لەپێشینەوە بەپەلەكان دانانێت.
سەرباری هەڕەشەكانی پێشوو سەبارەت بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئێران، بەڵام ئیدارەی ئەمریكا لەو بڕوایەدایە كۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووەكەدا لەگەڵ پاشەكشەی توانا سەربازییە دەرەكییەكانی ئێران، لاواز دەبێت، جگە لەوە ئەركی كردنەوەی گەرووەكە بۆ هاوپەیمانێتییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان جێدەهێڵدرێت لەگەڵ ئەگەری بەشداریكردنی ئەمریكا لەو هاوپەیمانێتیانە.
دوای گەڕی دووەمی هێرشەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران، تاران لەپەرچەكرداری ئەو هێرشانە گەرووی هورمزی داخست كە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا دەگوێزرێتەوە، ئەوەش كاریگەری نەرێنی كردە سەر ئابووری جیهان و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەگشتی.