لەسەر رووداوەكەی كەورگۆسك پێنج تۆمەتبار دەستگیر دەكرێن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 141

راچڵەكین -

ئاسایش و پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنن، لەسەر رووداوی تەقەكردنەكەی ناحیەی كەورگۆسك، پێنج تۆمەتبار دەستگیركران و 20 پارچە چەكی سووك و مامناوەندیش دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 31-3-2026، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا بڵاویانكردەوە، لە ڕێكەوتی ٢٠٢٦/٣/٣٠ لە ناحیەی كەورگۆسك-ی سەر بە شاری هەولێر، لەسەر كێشەیەكی كۆنی كۆمەڵایەتی لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕووداوێكی تەقەكردن روویدا و بووە هۆی كوژرانی شەش كەس و برینداربوونی سێ كەسی دیكە.

وەك لە راگەیندراوەكەدا هاتووە، لەسەر ئەم رووداوە بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی هەولێر، پێنج تۆمەتبار بەناوەكانی ( م ، م ، ع ) و ( ع ، م ، ع ) و ( م ، م ،م ) و ( د ، ر ، م ) و ( ش ، ر ، م ) دەستگیركراون و دەستبەسەر 20 پارچە چەكی جۆری سوك و مامناوەندیش گیراوە.

ئاسایش و پۆلیسی هەولێر ئاماژەیان بەوەكردووە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە ئاڕاستەی دادگا كراوە و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن