راچڵەكین-
یەكەم كاروانی سووتەمەنی عیراق لەڕێی تانكەرو لەدەروازەی سنووری تەنەف-ەوە چووە ناو خاكی سوریا.
كۆمپانیای نەوتی سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026 بڵاویكردووەتەوە، یەكەم كاروانی سوتەمەنی عیراق (فیول) لە دەروازەی سنوری تەنەفەوە، چووەتە خاكی ئەو وڵاتەو، دەستبەجێ بەرەو پاڵاوگەی بانیاس بەڕێكەوتووە.
لەئێستادا تیمە تەكنیكیەكان دەستیانكردووە بە بەتاڵكردنی ئەو كاروانە سووتەمەنییە لەناو عەمبارەكاندا، تا دواتر بگوازرێتەوە بۆ تێرمیناڵی نەوتی بانیاس و، لەوێشەوە بۆ سەر بارهەڵگرە دەرییایەكانی تایبەت بە هەناردەكردن.
دوای داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێران بەهۆی جەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیل، هەناردەی نەوتی عیراق ڕووبەڕووی گرفتی جددی بووەتەوە، هەربۆیە پەنا بۆ چەندین ڕێگە براوە تا دەرچەیەك بدۆزرێتەوە بۆ هەناركردنی بەشێك لەنەوتی بەرهەمهێنراوی عیراق بۆ دەرەوە.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، بەشێكی نەوتی بەرهەمهێنراو لەڕێی بۆرییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا كرا كە رۆژانە نزیكەی 250 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت، هەناركردنی نەوتیش لەڕێی تانكەرەوە بۆ سوریاو لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان، بژاردەیەكی ترە كە عیراق گرتوویەتە بەر.