هۆكاری دوورخستنەوەی وەزیری هێزی دەریایی ئەمریكا لەپۆستەكەی چییە؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 72

راچڵەكین-

وەزیری هێزی دەریایی ئەمریكا پۆستەكەی بەجێدەهێڵێت "دەستبەجێ "، وەزارەتی جەنگی ئەو وڵاتەش تائێستا هیچ ڕوونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاو نەكردووەتەوە.

لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانكاریانەی وەزارەتی جەنگی ئەمریكا لەماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا ئەنجامیداون، جۆن فیلان، وەزیری هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، وەزارەتەكەش لە راگەیەندراوێكی كورتدا تەنها ئاماژەی بەوەكردووە، فیلان دەستبەجێ پۆستەكەی جێدەهێڵێت بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بەهۆكاری دوورخستنەوەكەی بكات.

ماڵپەڕی (DW)ی ئەڵمانی لەزاری دوو بەرپرسی ئەمریكییەوە بڵاویكردووەتەوە، یەكێك لەهۆكارەكانی دوورخستنەوەی فیلان، سیستی بووە لەكارەكانی چاكسازی و دورستكردنی كەشتی نوێ، هەروەها بوونی كێشە لەگەڵ بەرپرسانی پنتاگۆن.

بەووتەی یەكێك لەو سەرچاوانە، پەیوەندی نێوان جۆن فیلان و هێگسێس-ی وەزیری جەنگی ئەمریكاو جێگرەكەیی و هۆنگ كاو، كەسی دووەمی هێزی دەریایی ئەمریكا زۆر خراپ بووە، كە ئەوەش بەیەكێك لەهۆكارەكانی دوورخستنەوەی ئەژمار دەكرێت.

لەئێستادا فیلان چووەتە لیستی ئەو فەرماندە سەربازیانەی ئەمریكا كەلەسەردەمی وەزیری جەنگی ئەو وڵاتە لەپۆستەكانیان دوورخراوەنەتەوە، لەوانەی سوپا سالاری ئەمریكا، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی هێزی ئاسمانی و سەرۆكی ئۆپراسیۆنە دەریاییەكان و جێگری سەرۆكی هێزە ئاسمانییەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن