وەزارەتی ناوخۆ رێكاری توند بۆ پاراستنی ژینگە دەگرێتەبەر

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 45

راچڵەكین -

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەچوارچێوەی پاراستنی ژینگە، چەند رێكارێكی توند دەگرێتەبەر و سزای دارایی لەنێوان 100 هەزار بۆ 10 ملیۆن دینار بەسەر هەر كەسێكدا دەسەپێنێت كە لەكاتی گەشتكردندا پاشماو بەجێبهێڵێت.

وەزارەتەكە لە گشتاندنێكدا بڵاویكردەوە، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و پۆلیس و بەرگری شارستانی و پۆلیسی ژینگە و دارستان و پۆلیسی هاتوچۆ و تەواوی دامەزراوە پەیوەنددارەكانی وەزارەتی ناوخۆ راسپێردران كە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، ڕێكاری كرداری بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی كوردستان بگرنەبەر و سزای دارایی بە پێی یاسا بەسەر هەر كەس و لایەنێك بسەپێنن كە ژینگە پیس دەكات.

لە گشتاندنی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە:
یەكەم: لە كاتی گەشت و سەیراندا سروشتی جوان و ڕەنگینی كوردستان وەكو ماڵی خۆیان بپارێزن و خۆیان بە دوور بگرن لە پیسكردن لە ڕێی بەجێهێشتنی پاشماوەی گەشت و زبڵ و خاشاك. پێویستە پاشماوەكان لەگەڵ خۆیان بهێننەوە و لە شوێنی تایبەت دابنێن كە دەستی دامەزراوەكانی شارەوانی دەگاتێ. هەر كەسێك پاشماوەی گەشت بەجێ بهێڵێت و ببێتە هۆی پیسكردنی ژینگە، ڕێكاری یاسایی بە پێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی چل و دووەم لە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر كە سزای پێبژاردنە لە 100 هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت. دامەزراوەكانی پۆلیس هاوكاری دەستە دەكەن لە سەپاندنی ئەم سزایە.

دووەم: داوا لە هاووڵاتیان دەكەین كە بەشداربن لە پاك و جوانهێشتنەوەی سروشتی كوردستان وەكو شوێنە گەشتیارییەكان، پۆند و بەنداو و جۆگە و چەمەكان، شاخ و دەشت و دۆڵ و چیا و دارستانەكان، پێویستە وەكو ماڵی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بكەن. داوا دەكەین ئەگەر هاووڵاتیەكیان بینی ژینگە پیس دەكات و زیان بە سروشتی كوردستان دەگەیەنێت، ڤیدیۆی بكەن و بۆ پلاتفۆرمەكانی دەستە، یان وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەكانی پۆلیس رەوانە بكەن بۆ ئەوەی ڕێكاری یاسایی لە بەرامبەریان بگیرێتە بەر.

سێیەم: داوا لە خاوەن پڕۆژەكان دەكەین، بە هەموو جۆرەكانیان كە ناویان لە ڕێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتكردنی سەرپێچییە ژینگەییەكان ی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٣ هاتووە، بە وردی ئەو رێنماییە بخوێننەوە و خۆیان لەگەڵ پێداویستییەكانی پاراستنی ژینگە بگونجێنن. بە پێچەوانەوە دامەزراوەكانی وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستە بەدواداچوون بۆ چالاكییەكانیان دەكەن و سەرپێچیكار بە گوێرەی ئەو سزایانەی لە ڕێنمایی ئاماژە بۆكراو هاتووە، سزا دەدەن.

چوارەم: ئەنجومەن و لێژنەكانی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەرپرسیارن لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەم گشتاندنە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن