دەستەی مافەكانی مرۆڤ لەبارەی كەیسی شێروان شێروانی دێتەدەنگ

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 75

راچڵەكین -

دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ روونكردنەوە لەبارەی داواكارییەكانی شێروان شێروانی دەدات كە بەهۆی جێبەجێ نەكردنی، مانی لە خواردن گرتووە و رایدەگەیەنێت: بەپێی رێنمایییەكان، مەرجی یاسایی مۆڵەت نایگرێتەوە و گواستنەوەشی بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی رەتكراوەتەوە.

دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی ئەركە چاودێرییەكانی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی دەستە، شاندێك سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازیی گەورانی هەولێری كرد و چاویان بە سزادراو (شێروان شێروانی) كەوت و گوێیان لە داخوازییەكانی گرت.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، شێروان شێروانی دوو داواكاری سەرەكی ئاڕاستەی تیمی دەستە كرد ئەویش پێدانی مۆڵەتی چوونەوەی ماڵەوە بەپێی یاسا و ڕێنمایییەكان، لە حاڵەتی جێبەجێنەكردنی داواكاری یەكەم، ڕێگەی پێ بدرێت بگوازرێتەوە بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی. ناوبراو ڕایگەیاند كە وەڵامدانەوەی دروستی ئەم داواكارییانە دەبێتە هۆی ئەوەی كۆتایی بە مانگرتنەكەی لە خواردن بهێنێت.

دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەكردووە، وەڵامی كارگێڕیی چاكسازی و لایەنی یاسایی دوای كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری چاكسازی، تیمی دەستە ئەم وەڵامانەی وەرگرت، سەبارەت بە مۆڵەتی ماڵەوە لیژنەی مۆڵەتی سزادراوان ئاماژەیان بەوە كردووە كە بەپێی ڕێنمایییەكان، دەبێت سزادراو لانی كەم یەك ساڵی تەواو لە ماوەی حوكمەكەی بڕیبێت. بەو پێیەی تەنیا حەوت مانگ بەسەر حوكمدانی كۆتایی ناوبراودا تێپەڕیوە، لە ئێستادا مەرجی یاسایی مۆڵەت نایگرێتەوە.

سەبارەت بە گواستنەوەشی بۆ چاكسازی گەورانی سلێمانی، لیژنەكە ڕایگەیاندووە كە بنەمای گواستنەوە (نەقڵ) لەسەر بنەمای شوێنی نیشتەجێبوونی خێزان دەبێت، بەو پێیەی ماڵی سزادراو لە هەولێرە نەك سلێمانی، داواكاری گواستنەوەكەی لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە رەتكراوەتەوە.

دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ دووپاتی كردووەتەوە كە وەك ئەركێكی مرۆیی و پیشەیی، بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم كەیسە و هەموو كەیسەكانی دیكەی ناو چاكسازییەكان، بە مەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێكردنی یاسا و پاراستنی كەرامەت و مافە سەرەتاییەكانی سزادراوان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن