ترەمپ: ئەمریكا نزیكەی 75%ی ئامانجەكانی خۆی لەئێران پێكاوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 35

راچڵەکین-

سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، بەهیچ شێوەیەك رێگە نادات ئێران خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت و ببێتە هەڕەشە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەراست و ئەمریكا.

دۆناڵد ترەمپ، لە كۆشكی سپی بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند، پێدەچێت لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەی ئاگربەستدا، ئێران خۆی پڕچەك كردبێتەوە، بەڵام دەبێت هەمووان ئەوە بزانن، سوپای ئەمریكا دەتوانێت لەماوەی تەنها نزیكەی یەك رۆژدا هەمووی لەناو ببات.

ترەمپ سەرباری ئەوەی ڕەتیكردەوە ئەمریكا بەچەكی ئەتۆمی هێرش بكاتە سەر ئێران و جەختی لەوەكرد كە نابێت رێگە بەهیچ لایەك بدرێت چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنێت، لەهەمان كاتدا ئاماژەی بەوەكرد، وڵاتەكەی نزیكەی 75%ی ئامانجەكانی خۆی لەئێران پێكاوە.

لەبارەی گەرووی هورمزەوە دۆناڵد ترەمپ ووتی:" ئەمریكا كۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە، هەر كاتێكیش رێكەوتن كرا یاخود شتێكی تر ڕوویدا، ئەوا گەرووەكە دەكرێتەوە، لەئێستادا بەهۆی گەمارۆی سەر گەرووەكە ئێرانمان لە مامەڵە بازرگانییەكان بێبەشكردووە."

سەرۆكی ئەمریكا روونیكردەوە، ئێستا دەتوانێت رێكەوتن لەگەڵ ئێران ئەنجامبدات، بەڵام ئەو دەیەوێت رێكەوتنەكە هەمیشەیی بێت نەك كاتی:" دەمانەوێت لەگەڵ ئێران رێكبكەوین، بەڵام نازانین كێ لەوێ سەركردایەتی دەكات، كەسێك لەئێراندا نەماوە سەركرایەتی ئەو وڵاتە بكات، گفتوگۆكان دەكرد بەڵام ئەوان هێشتا لەدۆخێكی ناسەقامگیرو شڵەژاندان."

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن