ئەمریكا 10 ملیۆن دۆلار پاداشت بۆ دیاریكردنی شوێنی سەركردەیەكی گرووپە چەكدارەكانی عیراق دەدات

عێراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 57

راچڵەكین-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەك پاداشت بۆ هەر كەسێك دیاریكردووە كە زانیاری بدات لەسەر شوێنی ئەبو ئالا وەلائی، سەركردەی گروپی كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا لە عیراق.

پڕۆگرامی خەڵات و دادپەروەری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئێكس بڵاویكردووەتەوە:" زانیاریمان لەسەر هاشم فینان رەحیم سەراجی، ناسراو بە ئەبو ئالا وەلائی پێویستە و بەدوایدا دەگەڕێن.

ئەوەش ڕوونكراوەتەەو، هەر كەسێك زانیاریی ورد بدات، دەكرێت پاداشتە داراییەكەی پێبدرێت و ئەگەری "گواستنەوەی بۆ شوێنێكی سەلامەت"یش هەیە.

واشنتۆن كەتیبەكانی سەیدولشوهەداو ئەبو ئالای تۆمەتبار كردووە بەوەی، هاوڵاتییانی مەدەنی عیراقییان كردووەتە ئامانج و  هێرشیان كردوەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا لە عیراق و، هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكان و كارمەندانی ئەمریكی لە عیراق و سوریا.
 
ئەبو ئالا وەلائی، جگە لەوەی سەركردەی گروپی كەتیبەكانی سەیدولشوهەدایە " لەلایەن ئەمریكا وەك گرووپێكی تیرۆرستی ناوی هێنراوە" لەهەمان كاتدا ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەكانی عیراقە.  

رۆژی 14ی نیسانی ئەمساڵێش، بەهەمان شێوە پڕۆگرامی خەڵات و دادپەروەری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەك پاداشت راگەیاند، بۆ هەر كەسێك زانیاری لەسەر
 ئەحمەد حمێداوی، ئەمینداری گشتیی كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عیراقیان پێبدات كەلەساڵی 2020 وە لەلیستی تیرۆری ئەمریكادا ناوی تۆماركراوە. 


 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن