حكومەتی هەرێم: ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەمان كراون بێبنەمان

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 82

راچڵەكین-

حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لە پابەندبوون بە سەقامگیری و سەروەری و پەیوەندی باشی دراوسێیەتی دەكاتەوە.

فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەیینی 24ی نیسانی 2026 بڵاوكراوەتەوە:" نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێك دامەزراوەی دادوەری و ڕاگەیاندنە فەرمییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوكراونەتەوە كە گوایە هەندێك لەو كەسانەی كە سزایان بەسەردا سەپیندراوە  لە هەرێمی كوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگری ولاتانی ترەوە مەشقیان پێكراوە."

ئەوەش خراوەتە ڕوو:"حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە و جەخت دەكاتەوە كە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری ووڵاتان لە هەرێمی كوردستان بوونی نیە. بەستنەوەی هەرێمی كوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دوورە لە راستیەوە."

دەقی راگەیەندراوەكە/
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان:
حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لە پابەندبوون بە سەقامگیری و سەروەری و پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی دەكاتەوە
فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێك دامەزراوەی دادوەری و ڕاگەیاندنە فەرمییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بلاوكراونەتەوە كە گوایە هەندێك لەو كەسانەی كە سزایان بەسەردا سەپیندراوە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگری ولاتانی ترەوە مەشقیان پێكراوە.
لەم چوارچیوەیەدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵویستی روون و نەگۆڕی خۆی بۆ ڕای گشتی لە ناوەوە و دەرەوە بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو:
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە و جەخت دەكاتەوە كە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری ووڵاتان لە هەرێمی كوردستان بوونی نیە. بەستنەوەی هەرێمی كوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دوورە لە راستیەوە.
هەروەها، حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر بەردەوامیدان بەم جۆرە تۆمەتانە. ئەمە لەكاتێكدایە كە ناوچەكە پێویستی بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر و گفتووگۆ و بەشداریەكی بەرپرسیارانە هەیە. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە رەفتارە ناسەقامگیری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت كە هەرێمی كوردستان بە بەردەوام هەوڵی بۆ پاراستنی ئەوسەقامگیریە داوە.
چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە پابەندبوون وەك فاكتەرێكی سەقامگیری و بێلایەن و پێكەوەژیان لە عیراق و ناوچەكە. بە رێزگرتن لە دەستووری عیراقی فیدراڵ و پرنسیپی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە نابێت خاكی هەرێمی كوردستان بەكاربێت بۆ تێكدانی ئاسایشی ووڵاتانی دراوسێ.
لە هەمان كاتدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی عیراقی فیدڕاڵ دەكات كە بەرپرسیارەتی دەستووری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەرەوەی عیراق و رێگری كردن لەو پێشێلكاریانەی كە دەكرێنە سەر خاكی هەرێمی كوردستان. هەروەها داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین كە هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە لەپێناو كەمكردنەوەی ئاڵۆزیەكان و رێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی هاووڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە.
خەلكی هەرێمی كوردستان لە پێناو ئاشتی و كەرامەت و مافە دەستووریەكاندا، دەیان ساڵە بەرگەی ئازار و ململانێ و قوربانیدانی گرتووە، هەر بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پابەند بوونی بە حكومرانی بەرپرسیارانە و پاراستنی هاووڵاتییانی خۆی و پەرەپیدانی پەیوەندی بنیادنەر و ئاشتیخوازانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەولەتیەكان.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە
حكومەتی هەرێمی كوردستان
24ی نیسانی 2026

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن