راچڵەكین-
وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەستگیركردنی یەكێك لەمەترسیدارترین بكوژانی سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد-یان راگەیاند كە تۆمەتبارە بە تێوەگلان لەكوشتنی 41 كەس و سووتاندنی تەرمەكانیان.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دوای چەند رۆژێك لە چاودێریكردن و بەدواداچوون، دواجار لە ئۆپراسیۆنێكدا لە دەشتی غاب لە ریفی حەما، ئەمجەد یوسف-یان دەستگیركردووە كەیەكێك بووە لەبەشداربووانی كوشتارگەی گەڕەكی تەزامون لەدیمەشق كە بەهۆیەوە دەیان كەس كوژران یاخود بێسەروشوێنكران.
كوشتارگەی گەڕەكی تەزامون دەگەڕێتەوە بۆ 16ی نیسانی 2013 كە تیایدا ئەمجەد یوسف و ئەندامانی تری رژێمی بەشار ئەسەد دوای دەستگیركردنی 41 كەس لە دانیشتووانی گەڕەكەكە دەست و قاچیان دەبەستن و داوایان لێدەكەن رابكەن، ئەوانیش دەكەونە چاڵێكەوەو هەر لەوێ بەدەستدڕێژی گوللە دەیانكوژن پاشان تەرمەكانیان دەستووتێنن.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە، لە كوشتارگەكانی گەڕەكی تەزاموندا زیاتر لە 288 كەس لەسەردەستی ئەندامانی سەر بەرژێمی بەعسی سوریا بوونەتە قوربانی.