راچڵەكین -
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی ئەو دوو تۆمەتبارەی راگەیاند، كە دوای ئەوەی لە قەزای دەربەندیخان هاووڵاتییەكیان رفاندبوو، بەرەو سەیدسادق هەڵاتبوون و لەوێ خۆیان حەشاردابوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، كە ئەمڕۆ هەینی 24-4-2026 بڵاوكراوەتەوە، مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق بەهاوكاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دەربەندیخانی سەر بەبەشی نەهێشتنی تاوانی پۆلیسی سلێمانی، دوو تۆمەتباریان بەتۆمەتی ڕفاندنی هاوڵاتییەك دەستگیركرد.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تۆمەتباران (چ، ع، ح لەدایكبووی ٢٠٠٤ و چ، ع، ح لەدایكبووی ٢٠٠٢) بەتۆمەتی ڕفاندنی هاوڵاتییەك، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (٤٢١) لەیاسای سزادان، فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دەربەندیخان، دوای ئەنجامدانی تاوانەكەیان لە قەزای دەربەندیخان، چوونەتە قەزای سەیدسادق و خۆیان حەشارداوە.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، لەكاتی دەستگیركردنیاندا، دەستبەسەر دوو ئوتۆمبێل و دوو مۆبایلدا گیرا كە بە تۆمەتباران بووە. لەئێستاشدا هەردوو تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر، راگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بەردەوامە.