ئێران ڕەتیدەكاتەوە دانیشتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا ئەنجامبدات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 60

راچڵەكین-

بەرپرسانی دەرەوەی ئێران رەتیانكردەوە بەنیازبن دانیشتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكادا ئەنجامبدەن، وەك ئەوەی پێشتر واشنتۆن رایگەیاندبوو.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی دەرەوەی ئێران لەسەكۆی ئێكس نوسیوویەتی:" هیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی راستەوخۆ لەنێوان تاران و واشنتۆن."

ئێران دەڵێت هەر تێبینییەكی هەبێت بە پاكستانی رادەگەیەنێت كەلەئێستادا رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، پێشتر كارۆلین لیفیت، وتەبێژی كۆشكی سپی بە فۆكس نیوزی راگەیاندبوو، ستیڤ وێتكۆڤ-ی نێردەی تایبەتی ئەمریكا و گارید كۆشنەر-ی زاوای دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كۆدەبنەوە، بەڵام دواتر میدیایی فەرمی ئێران بوونی هەر جۆرە دانیشتنێكی راستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆنی ڕەتكردەوە.

رۆژی هەیینی 25ی نیسان عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە ئیسلام ئاباد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیارەكانی دەستپێكردنەوەی دانووستانەكان لەگەڵ ئەمریكا، پێشبینیش دەكرێت ئەمڕۆ شەممە 25ی نیسان، شاندی دانووستانكارانی ئەمریكا بگاتە پاكستان، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە بڕیار نییە عیراقچی و شاندەكەی ئەمریكا لە ئیسلام ئاباد كۆببنەوە.

هاوكات دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئێران بەنیازە پێشنیارێك پێشكەش بكات بەمەبەستی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئەمریكا:" پێشنیارێك پێشكەش دەكەن، بزانین چی دەبێت."

" هێشتا ناواڕۆكی پێشنیارەكە نازانین، بەڵام پێویستە هەر رێكەوتنێك كە ئەنجامدەدرێت دەستبەداربوونی ئێران لە یۆرانیۆمی پیتێنراوو و رێگەدان بە هاتوچۆ لەگەرووی هورمز لەخۆ بگرێت."ترەمپ وادەڵێت.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن