راچڵەكین -
هێزەكانی ئێران لەچەند هەڵمەتێكدا لە پێنج پارێزگای ئەو وڵاتە، چەندین كەس بەتۆمەتی سیخوڕیكردن دەستگیر دەكەن كە كاریان بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل كردووە.
ئەمڕۆ شەممە 25-4-2026 میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، هێزەكانی ئەو وڵاتە لەچەند هەڵمەتێكدا لە پێنج پارێزگای ئێران، ژمارەیەك كەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل دەستگیركردووە و بەپێی دانپێدانانەكانی خۆیان، پیلانیان داڕشتووە كاری تێكدەرانە لەناوخۆی ئێران ئەنجام بدەن.
ئاژنسی هەواڵی تەسنیم لەسەر زاری بەرپرسێكی وەزارەتی ئاسایشی ئێران بڵاویكردەوە، سیخوڕەكان لە پارێزگاكانی ئیلام، سیستان و بەلوچستان، لورستان، گەیلان و ئازەربایجانی رۆژئاوا دەستگیركراون، كە لەشێوەی باندی سیخوڕی كاریان كردووە و رێنماییان لە دەرەوەی وڵاتەوە پێدراوە بۆ ئەنجامدانی كاری سیخوڕی و تێكدەرانە.
مانگی رابردووش هێزەكانی ئێران چوار گروپی سیخوڕییان دەستگیركرد كە كاریان بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل كردبوو.