راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل هێرشەكانی بۆسەر لوبنان دەستپێدەكاتەوەو داواش لە دانیشتووانی چەند شارۆچكەیەكی باكووری روباری لیتانی دەكات، ناوچەكانیان جێبهێڵن و بەرەو شوێنە ئارامەكان كۆچ بكەن.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 26-4-2026 بڵاویكردەوە، سوپای ئیسرائیل هۆشداری دایە دانیشتوانی حەوت شارۆچكەی لوبنان كە دەكەونە باكووری روباری لیتانی، بەزووترین كات ماڵەكانیان جێبهێڵن و بەهیچ شێوەیەكیش لە بارەگا و پێگە سەربازییەكانی حزبوڵڵا نزیك نەبنەوە، بۆئەوەی نەبنە ئامانجی هێرش و بۆردومانەكان.
هۆشدارییەكەی سوپای ئیسرائیل هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هێرش و بۆردومانەكان بۆسەر ناوچە جیاجیاكانی باشووری لوبنان، كە لە شەوی رابردووەوە دەستی پێكردووە وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر كردەوە سەربازییەكانی حزبوڵڵا، كە ئیسرائیل بە شكاندنی ئاگربەستی نێوان تەلئەڤیڤ و بەیروت، وەسفی دەكات.
لەبارەی زیانەكانی هێرش و بۆردومانەكانی دوێنێی ئیسرائیل كە چەندین شارۆچكەی لە باشووری لوبنان گرتەوە، وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویكردەوە، تائێستا حەوت كەس گیانیان لەدەستداوە و 24 كەسی دیكەش بریندار بوون، كە ژمارەیەك لە قوربانییەكان منداڵن.