راچڵەكین-
پرۆسەی دادگاییكردنی بەشار ئەسەد، سەرۆكی هەڵاتووی رژێمی بەعس لەسوریاو ماهیری ئەسەدی برای بەشێوەی نائامادەیی "غیابی" لەدادگاكانی ئەو وڵاتە دەستیپێكرد.
رۆژی یەكشەممە 26ی نیسانی 2026، لەدیمەشق-ی پایتەختی سوریا یەكەمین دانیشتنی "دادپەروەریی راگوزەر" بەڕێوەچوو، ئامانج لەم دانیشتنە ئامادەكارییە بۆ دادگاییكردنی بەشار ئەسەد و ماهر ئەسەدی برای بە نائامادەیی.
هەمان رۆژی یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی عاتیف نەجیب، سەرۆكی پێشووی لقی ئاسایشی سیاسی لە پارێزگای دەرعا و یەكێك لەخزمە نزیكەكانی بەشار ئەسەد بەشێوەی ئامادە دەستپێكردو بۆ یەكەمجار نەجیب لە دەسەڵاتی ڕەهاوە لەسەردەمی رژێمی ئەسەد لەناو قەفەسی تۆمەتباریدا خۆی بینییەوە.
فەخرەدین عەریان، دادوەری دادگای تاوانەكان لەسوریا لەو دانیشتنەدا رایگەیاند، ئەم دانیشتنە تایبەتە بە رێكارە كارگێڕی و یاساییەكان و دانیشتنی دووەمی عاتیف نەجیبی بۆ رۆژی 10ی ئایار دواخست.
عاتیف نەجیب بە بەرپرسی یەكەمی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2011 لە دەرعا دادەنرێت، كە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریا بوو.