راچڵەكین-
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، تائێستا كێشە لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی ژمارەیەك وەزارەتی سیادی هەیە لە كابینە نوێیەكەی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی عیراق.
محەممەد زیادی، ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی ئایاری 2026 بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاندووە، بۆچوونە سیاسییەكە بەو ئاڕاستەیەن 50+1ی وەزارەتەكان دەنگیان لەسەر بدرێت لەو ماوە دەستوریەی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی عیراق دیاریكراوە، دواتریش دەنگ لەسەر ئەو وەزارەتانە بدرێت كە ماونەتەوە.
" هێشتا كێشە لەسەر وەزارەتە سیادییەكانی وەك ناوخۆ، نەوت و دەرەوە هەیە، جگە لەوە گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیكەری هەندێك وەزارەت و دامەزراندنی وەزارەتی دەوڵەت." محەممەد زیادی وا دەڵێت.
لەلایەكی ترەوەن سەفیە جیزانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەهەمان رۆژنامەی راگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا دانیشتنی دەنگدان بە كابینەكەی عەلی زەیدی بەڕێوەدەچێت بەبێ ئەوەی رۆژەكە دیاری بكات.