تۆم باراك سەردانی بەغدادو هەولێر دەكات

عێراق

6 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 122

راچڵەكین-

تۆم باراك، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی دوو رۆژدا سەردانی هەریەك لە بەغدادی پایتەختی عیراق و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكات.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026  تۆم باراك، بگاتە شاری بەغداد و سەرەتا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق كۆبێتەوە. 

سەرچاوە ئاگادارەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، باراك پەیامێكی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ-ی بۆ حكومەتی عیراق پێیە كە تیایدا جەختكراوە لەوەی تا كۆتایی 2026 پێویستە تەواوی گرووپە چەكدارەكانی عیراق كۆنتڕۆڵ بكرێن و چەكیان لێ وەربگیرێتەوە.

لەماوەی رابردوودا هەریەك لە گرووپە چەكدارەكانی سەر بەڕەوتی سەدرو عەسائیبی ئەهلی حەق، جیابوونەوەی خۆیان لە حەشدی شەعبی و رادەستكردنی چەكەكانیان بە حكومەتی عیراق راگەیاند، لەبەرامبەردا (كەتایبی حزبوڵڵا، نوجەبا و سەید شوهەدا) رایانگەیاند، كە ئامادە نین چەكەكانیان دابنێن و ناچنە ژێر ركێفی بڕیارەكانی سەرۆكوەزیران. 

لەلایەكی ترەوە بڕیارە رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیران، تۆم باراك، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ عیراق، سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان كۆبێتەوەو پێكەوە تاوتوێی دۆخی ناوچەكەو هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن