راچڵەكین-
هەریەك لە عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق و تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەراست جەختیانكرد لەسەر پابەندبوونی هاوبەشی نێوان عیراق و ئەمریكا بەپەیوەندییەكانی نێوانیان كە ئامانج لێی هێناندی خواستی عیراقییەكانە بۆ داهاتوویەكی پڕ لەسەروەری و ئاسایش و پێشكەوتن.
رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق راگەیەندراوێكی لەبارەی دیداری نێوان عەلی زەیدی و تۆم باراك لەشاری بەغداد بڵاوكردەوە كە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، هەردوولا تاوتوێی دیدگای هاوبەش و خواستی حكومەتی عیراقیان كردووە بۆ بونیاتنانی داهاتوویەكی بێ تیرۆرو جێبەجێكردنی پلانی حكومەتی عیراق لەبارەی چەك داماڵینی تەواوەتی گرووپە چەكدارەكان و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم رێكخستنە چەكدارییەكان كەلەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عیراق كار دەكەن، هێشتنەوەی چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا و سەپاندنی سەروەری تەواوەتی بەجۆرێك گرەنتی ئەوە بكات عیراق لەململانێكان دووربخاتەوەو خاكەكەی بەكار نەهێنرێت بۆ هەڕەشەكردن لەئاشتی هەرێمایەتی.
وەك لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرۆكوەزیرانی عیراق، جەختیكردووە لە پابەندبوونی وڵاتەكەی بە پتەوكردن و قوڵكردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنەكانی لەگەڵ ئەمریكا، ئەو هەڵوێستەش لەلایەن نێردەكەی سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لێكراوە.
هەر لەو دیدارەدا تۆم باراك خواستی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكای خستەڕوو بۆ پێشوازیكردن لە عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لەناوەراستی مانگی داهاتوو لە كۆشكی سپی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.