راچڵەكین -
سەرۆكایەتی هەرێم ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەزڵوم عەبدی و تۆم باراك ئاشكرا دەكات و سەرۆكی هەرێمیش رایدەگەیەنێت: گفتوگۆ و لێكگەیشتنی نێوان لایەنەكان و پاراستنی مافەكانی كورد و پێكهاتەكان لە سووریا، رێگەیەی چارەسەركردنی كێشەكانە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 16-6-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ تۆم باراك، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ئەنجام دا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و دۆخی سووریا و هاریكاریی كورد و دیمەشق تاوتوێ كران. نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكان لە سووریا كردەوە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆ و لێكگەیشتنی نێوان لایەنەكان و پاراستنی مافەكانی كورد و پێكهاتەكان لە سووریا ڕێگەیەی چارەسەركردنی كێشەكانە. هەر لەمبارەیەوە هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری نیشان دا.
پەرەپێدانی هاریكاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر و هێنانەدیی ئاسایش و ئارامییەكی جێگیر لە ناوچەكەدا، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.