راچڵەكین -
لەكاردانەوەی سەپاندنی سزا نوێیەكانی یەكێتی ئەوروپا بەسەر رووسیا بەهۆی بەردەوامبوونی جەنگی ئۆكراینا، مۆسكۆ هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی سزاكان دەكات.
نێردەی هەمیشەیی رووسیا لە یەكێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێكدا ناڕەزایی توندی وڵاتەكەی بەرامبەر بڕیارە نوێیەكەی یەكێتییەكە بە سەپاندنی گوژمەیەك سزا بەسەر دەیان كەسایەتی و رێكخراوی رووسیا دەربڕی و هۆشداریدا كە مۆسكۆ كاردانەوەی توندی دەبێت و سزای هاوشێوە بەسەر وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا دەسەپێنێت.
لە راگەیەندراوەكەی نێردەی هەمیشەیی رووسیا لە یەكێتی ئەوروپادا هاتووە، سەپاندنی سزا نوێیەكان نایاسایین و هیچ رەواییەكی تێدا نییە، دۆخەكەش هێندەی تر ئاڵۆز دەكات و كاریگەریی لەسەر وەستاندنی جەنگەكە نابێت.
ئەم هەڵوێستەی نێردەی هەمیشەیی رووسیا لە یەكێتی ئەوروپا، لەدوای بڕیارەكەی یەكێتی ئەوروپا دێت بە سەپاندنی سزا بەسەر 80 كەسایەتی و رێكخراو و دامەزراوەی رووسیا و چەند وڵاتێكی دیكەی هاوپەیمانی مۆسكۆ بە تۆمەتی هاوكاریكردنی حكومەتی رووسیا لە درێژەدان بە جەنگی دژ بە ئۆكراینا، سزاكەش بریتییە لە بلۆككردنی سامانی ئەو كەسایەتی و رێكخراوانە و قەدەغەكردنی كاركردنیان لە ناو وڵاتانی ئەندامی یەكێتییە.