چەند بڕیارێك لەئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 158

راچڵەكین-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختدەكات لەسەر مافی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاساییی خۆی لە خەرجییە حاكیمەكان دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە بێت كە فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردووەتەوە، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكوەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە كرد كە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە. لەم بارەیەوە، جەخت لەسەر گرنگیی چارەسەركردنی ئەم بابەتە بەشێوەیەكی خێرا و یاسایی كرایەوە و ڕاسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ، هەموو هەنگاوە یاسایی و كارگێڕییەكان بگرنەبەر بۆ دابینكردنی مووچەی خانەنشینیی ئەو كەسانە لە ڕۆژی شایستەبوونیانەوە.

پاشان، ئەنجومەنی وەزیران بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی گەنم، بە وردی تاووتوێ كرد.

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ڕاپۆرتێكی وردی پشتبەستوو بە زانیاری و داتا و ژمارەی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر تەواوی تەوەرەكان و بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو و ئەو ئاستەنگانەی لە ڕێگەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕكردنی بەرهەمەكاندا هەن، هەروەها هەوڵەكانی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم لەم بارەیەوە لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵ.

دواتر هەر یەك لە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زانیاری و وردەكاریی پێویستیان لەسەر ئەم بابەتە خستە ڕوو.

دوای گفتوگۆی فراوان و ڕاگۆڕینەوەی بۆچوونەكان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا؛ پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی ئاستەنگەكانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، ڕاسپێردران بە هاوئاهەنگی و كاری هاوبەش، میكانیزمێكی گونجاو دابنێن بۆ ساخكردنەوە و بەبازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی حكومەتی فیدڕاڵ، وەك لایەنی بەرپرسیار، پێویستە پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران، بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و یەكسان جێبەجێ بكات و لە هەمان كاتدا، تایبەتمەندی و پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستانیش لەبەرچاو بگرێت.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشینی تاووتوێ كرا. ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەكانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو كردووە، بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.

بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتی دا، كە لە سەرۆكایەتیی دیوان، سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێكدێت، بۆ دانانی ڕێكار و میكانیزمی پێویست بەپێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەكان و دڵنیابوون لە جێبەجێكردنیان بەشێوەیەكی دروست.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیەكی وردی لەسەر خەرجییەكانی بودجەی حاكیمە كرد؛ ئەو خەرجییانەی لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەكرێت، لەوانەش بابەتی پسوولەی خۆراك و سەبەتەی خۆراكی مانگانە.

ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ پشتگیریكردنی لە هەنگاوەكانی حكومەتی فیدڕاڵ بۆ چاكسازی و ڕێكخستنەوەی سیستەمی سەبەتەی خۆراك، جەختی لەسەر مافی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاساییی خۆی لە خەرجییە حاكیمەكان، وەك خۆراك، دەرمان، بەبازاڕكردنی گەنم، پشتیوانیی وزە و كارەبا و هتد، بەشێوەیەك كە هاووڵاتییانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتیی دیوان و سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێكی ورد، پشتبەستوو بە داتا و زانیاریی دروست و بنەما یاسایی و دەستوورییەكان ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی ئەم مافانە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ بەشێوەیەكی ڕوون جێگیر بكرێن، هەروەها ڕێكارە خێرا و كاریگەر بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی ماف و شایستەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی حاكیمە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن