راچڵەكین-
بۆ یەكەمجار لەم ساڵدا دوو حاڵەتی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان دەستنیشانكرا.
رۆژی چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026 وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، دوو حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەشاری هەولێر تۆماركرا، كە باوكێكی تەمەن 71 ساڵ و كوڕە تەمەن 39 ساڵەكەیەتی و، دانیشتووی گەڕەكێكی ناو شاری هەولێرن.
ئەو باوك و كوڕە، بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵ لە دوو هەفتەی ڕابردوو و بەركەوتەی ئاژەڵی تووشبوو و پێكهاتە و دەرهاویشتەكانی دوای سەربڕین، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێكردن بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەكانیان، چەندین ڕێكاری دەستنیشانكردن و پشتڕاستكردنەوە و چارەسەری پزیشكی بۆیان گیراوەتەبەر، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشكی لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن و باری تەندروستی یەكێكیان تا ڕادەیەك جێگیرە و ئەوەی دیكەیان ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لەهاوڵاتییان دەكات پابەندی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و لەكاتی بوونی گومان و نیشانەكانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەكانی ڤێترنەری ئاگاداربكەنەوە.
هاوڵاتیانی بەركەوتووانی بەخێوكردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەكانی ئاژەڵ لەكاتی بوونی هەر نیشانەیەكی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن بێ دواكەوتن.
تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێكراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشكنین بۆ گومانلێكراوانی ئەمساڵدا لەماوەی ڕابردوو، دەرەنجام تەنها دوو حاڵەت دەسنیشانكراون و پشتڕاستكراوەتەوە جگە لە دوو حاڵەتی دیكەی شارەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە بۆ چارەسەری هاتوونە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان.