ناوەڕۆكی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان ئەمریكا و ئێران بڵاودەكرێتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 87

راچڵەكین -

رەشنووسی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن كە هەریەك لە ئەمریكا و ئێران رەزامەندییان لەسەرداوە، ئاشكرا دەكرێت و بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوو لەشاری جنێڤ-ی سویسرا لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی پەرلەمانی ئێران واژۆ بكرێت.

رەشنووسی یاداشتەكە، كە یاداشتنامەی ئیسلام ئاباد ناودەبرێت، لە 14 بڕگە پێكهاتووە، كۆتایی بە جەنگی نێوان واشنتۆن و تاران دەهێنێت و چەند خاڵی گرنگی تێدایە، لەوانە كردنەوەی گەرووی هورمز و تەرخانكردنی بڕی 300 ملیار دۆلار بۆ ئێران بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوەو و گەشەپێدانی ئابووریی ئەو وڵاتە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە سزاكانی سەر ئێران، لە بەرامبەردا تاران بەڵێن دەدات بەهیچ شێوەیەك هەوڵی بەدەستهێنان یان پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی نادات.

دەقی رەشنووسی یاداشتی لێكتێگەیشانەكە:

یەكەم: ئەمریكا و ئێران و هاوپەیمانەكانیان لەم جەنگەدا، كۆتاییهێنانێكی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە هەموو بەرەكان، لەوانەش لوبنان، رادەگەیەنن. هەردوولا پابەند دەبن كە چیدی هیچ جەنگ و ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی دژی یەكدی دەستپێنەكەن، پەنا بۆ هەڕەشە و هێز نەبەن و گەرەنتیی پاراستنی سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی لوبنان بكەن.

دووەم: ئەمریكا و ئێران پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی یەكتر و دووركەوتنەوە لە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی یەكتر.

سێیەم: ئەمریكا و ئێران پابەند دەبن بە دانوستاندن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا، كە بە رەزامەندیی هەردوولا دەكرێت درێژبكرێتەوە.

چوارەم: دەستبەجێ دوای واژۆكردنی ئەم یاداشتنامەیە، ئەمریكا دەستدەكات بە لابردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران و لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگ و رێگرییەكان بە تەواوی كۆتاییان دێت. لەم ماوەیەدا، جووڵەی كەشتییەكان وەك دۆخی پێش جەنگ ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریكا پابەند دەبێت كە لە ماوەی 30 رۆژدا دوای گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی، هێزەكانی لە ناوچە نزیكەكانی سنووری ئێران دووربخاتەوە.

پێنجەم: دوای واژۆكردنی یاداشتنامەكە، ئێران هەموو هەوڵێك دەدات بۆ دابینكردنی رێڕەوێكی ئارام بۆ تێپەڕبوونی كەشتییە بازرگانییەكان بەبێ وەرگرتنی هیچ باجێك بۆ ماوەی 60 رۆژ، لە كەنداوەوە بەرەو دەریای عومان و بە پێچەوانەشەوە. ئێران دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگە تەكنیكی و سەربازییەكان لاببات و پرۆسەی راماڵینی مینەكان تەواو بكات. هەروەها تاران دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ عومان و وڵاتانی كەنداو دەكات بۆ دیاریكردنی شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتووی تەنگەی هورمز بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان.

شەشەم: ئەمریكا لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەكان پابەند دەبێت بە داڕشتنی پلانێكی یەكلاكەرەوە بە بەهای لانیكەم 300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران. میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەم پلانە لە ماوەی 60 رۆژدا و وەك بەشێك لە رێككەوتنی كۆتایی دیاری دەكرێت. واشنتن هەموو مۆڵەت و رێپێدانە پێویستەكان بۆ مامەڵە داراییەكان و گواستنەوەی پارەكان دەردەكات.

حەوتەم: ئەمریكا پابەند دەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە سزاكانی سەر ئێران، لەوانەش بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕیارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و هەموو سزاكانی ئەمریكا (سەرەكی و لاوەكی). خشتەی كاتی بۆ هەڵگرتنی ئەم سزایانە وەك بەشێك لە رێككەوتنی كۆتایی دیاری دەكرێت.

هەشتەم: تاوەكو ئەو كاتەی ئێران پابەند بێت بەوەی كە بەهیچ شێوەیەك بەدوای بەدەستهێنان یان پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی ناكەوێت، ئەمریكا و ئێران رێككەوتوون لەسەر چارەسەركردنی چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی كۆگاكراو. كەمترین مەرج بۆ ئەمە ئەوەیە كە دەبێت یۆرانیۆمەكە لە شوێنی خۆی و لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا خەستییەكەی كەم بكرێتەوە). هەروەها لە رێككەوتنی كۆتاییدا باس لە پێداویستییە ئەتۆمییەكانی داهاتووی ئێران دەكرێت.

نۆیەم: تاوەكو گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی، هەردوو وڵات رێككەوتوون لەسەر پاراستنی دۆخی ئێستا. بەو پێیەی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە ئاستی ئێستا رادەگرێت و ئەمریكاش هیچ سزایەكی نوێ ناسەپێنێت و هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەكە ناكات.

دەیەم: دەستبەجێ دوای واژۆكردنی ئەم یاداشتنامەیە و تاوەكو كاتی هەڵگرتنی یەكجاریی سزاكان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا مۆڵەتی فەرمی بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە پیترۆكیمیاییەكان و هەموو خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەكانی وەك بانك، دڵنیایی و گواستنەوە دەردەكات. ئامانج لەمە وەستاندنی ئەو پرۆسەیەیە كە تێیدا نەوتی ئێران بە داشكاندنێكی زۆر دەدرا بە چین و ئێستا تاران دەتوانێت بە نرخێكی ئاسایی نەوتەكەی بفرۆشێت.

یازدەیەم: ئەمریكا پابەند دەبێت بەوەی هەموو پارە و سەرمایە سڕكراوەكانی ئێران بە تەواوی بخاتە بەردەست تاوەكو بەكاریان بهێنێت. شێوازی ئازادكردنی ئەم پارانە لە دانوستاندنەكاندا دیاری دەكرێت و دەبێت بانكی ناوەندیی ئێران بتوانێت بۆ هەر مەبەست و شێوازێك كە خۆی دیاری دەكات، پارەكان خەرج بكات.

دوازدەیەم: هەردوولا رێككەوتوون لەسەر دروستكردنی میكانیزمێكی جێبەجێكار بۆ چاودێریكردنی سەركەوتنی بڕگەكانی ئەم یاداشتنامەیە و پابەندبوون بە رێككەوتنی كۆتایی لە داهاتوودا.

سێزدەیەم: دوای واژۆكردنی ئەم یاداشتنامەیە و لە كاتی دەستپێكردنی جێبەجێكردنی بڕگەكانی 1، 4، 5، 10 و 11، واشنتن و تاران دەست بە دانوستاندنی فەرمی دەكەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر بڕگەكانی دیكە.

چواردەم: رێككەوتنی كۆتایی لە رێگەی بڕیارێكی پابەندكەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پەسند دەكرێت و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن