پارێزگاری كەربەلا پەیامێك ئاڕاستەی هەڵەبجەییەكان دەكات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 84

راچڵەكین-

پارێزگاری كەربەلا سوپاسی پارێزگارو خەڵكی هەڵەبجە دەكات لەبەرامبەر هەڵوێستی چەند رۆژی رابردوویان بەهۆی خنكانی كچە گەشتیارێكی عەرەب لە ئاوی زەڵم لە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوا و بەدەمەوە چوونی خێزانی قوربانییەكە.

رۆژی پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026 نسەیف جاسم خەتابی، لەراگەیەندراوێكدا كە بەزمانی كوردی بڵاویكردووەتەوە، هاوخەمیی و هاوسۆزی خۆی بۆ خێزانی ڕوقیە دەربڕی كەلەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ڕووداوێكی دڵتەزێنی خنكان لە پارێزگای هەڵەبجە گیانی لەدەستدا.

هەر لەو راگەیەندراوەدا، پارێزگاری كەربەلا ، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی نوخشە ناسیح ئەحمەد پارێزگاری هەڵەبجەو، خەڵكی پارێزگاكە كردووە:" بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆڤ دۆست و هەستە ڕاستەقینەیان كە جوانترین ماناكانی برایەتی و یەكڕیزی نیشتمانی نیشاندا و جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو هاوخەمی و پشتیوانییەی بۆ ئەو خێزانە كەربەلاییە دەریانبڕی، بەڵگەی ڕەسەنایەتی گەلی عێراق و بەها مرۆڤایەتییەكانییەتی."

نسەیف جاسم خەتابی، ڕایدەگەیەنێت كە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانێكی فەرمی بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دەدات بۆ پێشكەشكردنی سوپاس و پێزانین بە پارێزگار و خەڵكی هەڵەبجە:" بەهۆی ئەو هەڵوێستە گەورەیەی كە هەمیشە جێگای شانازی و پێزانینە لەلایەن خەڵكی كەربەلای پیرۆزەوە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن