راچڵەكین -
زانكۆی سلێمانی روونكردنەوە لەبارەی ئەو دەنگۆیانە دەدات كە لەسەر د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان، بڵاوبوونەتەوە و رایدەگەیەنێت: ڕێكاری پێویستمان گرتووەتەبەر و لیژنەیەكی باڵای لێكۆڵینەوەشمان پێكهێناوە.
لە بەشێكی روونكردنەوەكەی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانیدا هاتووە، دەرەنجامی كارەكانی ئەم لیژنە هەرچییەك بێت، بە شێوازێكی شەفاف بۆ ڕایگشتی بڵاودەكرێتەوە.
دەقی روونكردنەوەكە:
ڕوونكردنەوەیەك لە سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانییەوە
سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی وەك دامەزراوەیەكی فەرمی و ئەكادیمی، جەخت لەسەر پاراستنی پرەنسیپەكانی یاسا و شەفافییەت دەكاتەوە لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان كەیسێك كە پەیوەندی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانی زانكۆوە هەبێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان) بڵاوبوونەتەوە، سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی وەك دامەزراوەیەكی فەرمیی و بەپێی ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییە بەركارەكان، ڕێكاری پێویستی گرتووەتەبەر و ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٦/٦/١٨ لیژنەیەكی باڵای لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە.
ئەم لیژنەیە بەچاودێری داواكاری گشتی كارەكانی خۆی ئەنجام دەدات، لەم سۆنگەیەوە، زانكۆی سلێمانی بە وردی بەدوای دەرخستنی ڕاستییەكاندا دەچێت و پڕۆسەی لێكۆڵینەوەكە تاگەیشتن بە ئەنجامی كۆتایی بەردەوام دەبێت، هاوكات هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك هەبێت، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی بەرامبەر دەكرێت.
لە كۆتاییدا ڕای دەگەیەنین، كە دەرەنجامی كارەكانی ئەم لیژنە هەرچییەك بێت، بەشێوازێكی شەفاف بۆ ڕایگشتی بڵاودەكرێتەوە.
سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی