راچڵەکین-
شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و بە هاوڕێیەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران لە کاردانەوەی هێرشەکانی سەر باشووری لوبنان، گەرووی هورمزی داخستووە.
ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکار بڵاویکردەوە، عەلی باقری کەنی، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش یاوەری شاندەکەیە لەم گەشتەدا بۆ سویسرا.
پێشتر ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ئامانجی ئەم سەردانە تەنیا بەدواداچوونە بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی لایەنی بەرامبەر و جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بە واتای دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی دانوستانەکان نییە.
ئەم گەشتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدا دێت کە بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران ئاشکرایکردووە، لە وەڵامی بەڵێنشکێنیی لایەنی بەرامبەر و بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر باشووری لوبنان، گەرووی هورمزیان بە ڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا داخستووە.