راچڵەكین-
میدیاكانی عیراق دیمەنێكی سەرنجڕاكێشیان بڵاوكردووەتەوە كە تیایدا ئاماژە بەسووتاندنی بڕی پێنج ملیۆن دۆلار دەكەن لەتەنورێكی نان كردندا لەلایەن هاوسەرو خوشكی عەدنان جومەیلی، بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوت.
بەگوێرەی ئەو میدیایانە بێت، هێزێكی ئەمنی بەرێگاوە بوون بۆ یەكێك لە باخەكانی عەدنان جومەیلی كە بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراوە، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە شوێنی مەبەست، لەلایەن هاوسەرو خوشكەكەیەوە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار لەناو تەنورێكی نانكردندا سوتێنراوە بەمەبەستی پەردەپۆشكردن و لەناوبردنی ئەو بڕە پارەیە، بەو شێوەیەش كەلەدیمەنەكەدا دەردەكەوێت، پار سووتاوەكە لەلایەن تیمێكی تایبەتەوە بەئامادەبوونی جومەیلی خۆی لەتەندوورەكە بەسووتاوی دەردەهێنرێت.
ئەم ڕووداوە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی لێكۆڵینەوەكان لە دۆسیەی جومێلی، كە بەپێی زانیارییەكانی دەسەڵاتی دادوەری، تا ئێستا توانراوە دەست بەسەر نزیكەی 40 موڵك و خانووبەرەدا بگیرێت لە هەریەك لە شارەكانی بەغداد، سەڵاحەدین، و هەولێر. سەرباری ئەوەش، دەست بەسەر 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، سێ ملیار دیناری عێراقی، و نزیكەی كیلۆیەك و نیو زێڕدا گیراوە، جگە لەدەستگرتن بەسەر دەیان جۆر چەكی سووك و مامناوەند.