راچڵەكین-
دوای نزیكەی 18 لە گفتوگۆو كۆبوونەوە، شاندی دانووستانكاری ئێران بەسەرۆكایەتی محەممەد باقر قالیبف- سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ئەو وڵاتە، سویسرایان بەرەو تاران جێهێشت.
میدیای فەرمی ئێران بڵاویكردووەتەوە، لە گفتوگۆكاندا شاندی ئێران بە ئامادەبوونی شاندی ئەمریكا و ناوبژیوانانی پاكستانی و قەتەر بەشداریی لە كۆبوونەوە دووقۆڵی و چوارقۆڵییەكان كرد و هەڵوێستەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان سەبارەت بە پرۆسەی جێبەجێكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن و مەرجەكانی چوونە ناو دانوستانەكانی ڕێككەوتنی كۆتایی خستووەتەڕوو.
پێشتر قەتەر و پاكستان راگەیەندراوێكی هاوبەشیان لەسەر كۆتاییهاتنی گەڕی یەكەمی دانوستاندنـەكانی ئەمریكا و ئێران لە سویسرا بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، هەردوولا لەسەر نەخشەڕێیەك رێككەوتوون بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا رێككەوتنی كۆتایی واژۆ بكرێت.
یەكێك لەخاڵەكانی نەخشە رێگەكە پاراستنی تەنگەی هورمزە بەجۆرێك هێڵێكی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریكا و ئێران دروست دەكرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداو و هەڵەتێگەیشتنێك بكرێت، ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەركردنی هاتووچۆی سەلامەت بۆ كەشتییە بازرگانییەكان لە تەنگەی هورمز.
لەلایەن خۆشییەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای تەوابوونی گەڕی یەكەمی دانووستانەكان و لەسویسراوە رایگەیاند:"لێخۆشبوون بۆ هەناردەی نەوت و بەرهەمە پترۆكیمیاوییەكان دەركرا، گەمارۆی دەریایی هەڵگیرا، بەشێك لە سامانە سڕكراوەكانمان ئازاد دەكرێن و پلانی گەورەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بۆ ئێران دەستپێدەكات."