راچڵەكین-
ئەنجوومەنی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سلێمانی داوا دەكات لایەنی كارگێڕی و یاسایی بەرپرس و لیژنەی لێكۆڵینەوە بەزووترین كات، ، كاری جیددی لەسەر دۆسێی عەبدوللەتیف ئەحمەد دەستپێبكەن.
رۆژی دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026 ئەنجوومەنی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا بەهەمان شێوە داوای لە لایەنی كارگێڕی و یاسایی بەرپرس و لیژنەی لێكۆڵینەوە كردوە رێكاری یاسایی و دادوەری بەرامبەر هەر كەس و لایەنێك بگرێتە بەر كە سنوور دەبەزێنێت و تۆمەتی ناڕەوا هەڵدەبەستێت.
دەقی راگەیەندراوەكە/
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
پەیامێك لە ئەنجوومەنی كۆلێجی زانستە ئیسلامییەكانەوە بۆ جەماوەری موسڵمانی كوردستان.
جەماوەری موسڵمان و بەشەرەفی كوردستان، لە پاش بڵاوبوونەوەی هەندێك تۆماری دەنگی، كە دراوەتە پاڵ مامۆستایەكی كۆلێجمان لە راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بە پێویستی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە رابگەیێنین بە موسلمانانی خەمخۆری دین و زانست و بەها رەوشتییە باڵاكانی میلـلەتەكەمان:
1- بەر لەوەی لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكبهێندرێت لەو دۆسیەیە و دەست بە كاری لێكۆڵینەوە بكرێت، هەندێك خەڵك نابەرپرسانە لەبری لیژنە و دادگا و هەموو لایەنە یاساییە پەیوەندیدارەكان، پێشوەختە بڕیاری كۆتاییان لەسەر بابەتەكە دەركردووە و لەو رێگەیەوە مافیان بە خۆیان داوە دوور لە هەموو بەها و ئادابێكی ئایینی و كۆمەڵایەتی و یاسایی، بكەونە سوكایەتیكردن و تۆمەت بەخشینەوە بەسەر تێكڕای مامۆستا و خوێندكارانی كۆلێژمان - كە هەمیشە لە خەمی پاراستنی رەوشتە بەرز و بەها بڵندە ئایینی و كولتوورییە رەسەنەكانی كوردایەتیی خۆیان و میلـلەتەكەیانن، بێ بیركردنەوە لە گەورەیی و قێزەونیی ئەو بانگەشانەیان پەنجەی تۆمەت رادەكێشن بۆ تێكڕای مامۆستایان و خوێندكاران بەبێ جیاوازی.
2- مامۆستایانی زانكۆ بەگشتی و مامۆستایان و ئەندامانی دەستەی وانەبێژیی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سلێمانی هۆشیارن و زۆر بە باشی ئەرك و بەرپرسیارێتیی شەرعی و یاسایی و زانستی و پەروەردەیی خۆیان دەزانن و بە پەرۆشی و لە روانگەی هەستكردنیان بەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی سەر شانیان، بە هیچ شێوەیەك ناكەونە ژێر كاریگەریی سۆز و عاتیفە و هەڵنان و ئاراستەكردنی هیچ كەس و لایەنێك یان پەیج و ئەكاونتێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پێش كارەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە ناكەون و لەبری لایەنە یاساییە بەرپرس و پەیوەندیدارەكان بڕیار دەرناكەن لەسەر ئەو دۆسیەیە و هیچ دۆسیەیەكی هاوشێوەی دیكە نە لەناو زانكۆ و نە لە دەرەوەی حەرەمی زانكۆ.
3- بەداخەوە لە هەندێك كەناڵی راگەیاندن و پەیج و ئەكاونت، بەیاننامەیەك بەناوی بەشێك لە مامۆستایانی كۆلێجمانەوە بڵاوكراوەتەوە، رایدەگەیێنین كە لەدوای بەدواداچوون دەركەوت تاوەكو ئێستا هیچ مامۆستایەكی دیاریكراو خاوەندارێتیی خۆی بۆ ئەو بەیاننامەیە رانەگەیاندووە و گوزارشت لە را و بۆچوونی راستەقینەی تێكڕای مامۆستایان ناكات، كەواتە ئەگەر هەر مامۆستایەكیش تاك لایەنە ئەو كارەی كردبێت وەكو را و بۆچوونی خۆی، ئەوە خودی ئەو كارە كە بەبێ گەڕانەوە بۆ مامۆستا و هاوپیشەكانی ئەنجامی داوە، كارێكی هەڵە و نابەرپرسانەیە و دوورە لە كاری پیشەیی و یاسایی مامۆستای زانكۆ.
4- داواكارین لە لایەنی كارگێڕی و یاسایی بەرپرس و لیژنەی لێكۆڵینەوە، بە زووترین كات كاری جیددی دەستپێبكەن لەسەر دۆسیەكە و هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامی راست و دروست و یەكلاكردنەوەی كەس و لایەنی تاوانبار یان بێ تاوان و گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف. هەروەها كار بكەن بۆ پاراستنی شكۆی زانكۆ و كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان بەگشتی و پێگە و رێزی مامۆستایان و خوێندكاران بەتایبەتی، ئەویش بە گرتنەبەری رێكاری یاسایی و دادوەری بەرامبەر هەر كەس و لایەنێك كە سنوور دەبەزێنێت و تۆمەتی ناڕەوا هەڵدەبەستێت.
والسلام علیكم ورحمە الله
ئەنجوومەنی كۆلێجی زانستە ئیسلامییەكان