راچڵەکین-
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە کە بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، خزمەتگوزارییەکی نوێی تایبەت بە جیاکردنەوەی پسولەی خۆراک بۆ هاوسەرە نوێیەکان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی پسولەی ئەلیکترۆنییەوە کارا کراوە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:ئەم خزمەتگوزارییە لە ئێستادا تەنها ئەو خێزانە تازە پێکهاتووانە دەگرێتەوە کە فۆڕمی سەربەخۆی خۆراکیان نییە و ناوی هەردوو هاوسەرەکە لەسەر یەک پسولەی خێزانی تۆمارکراوە، بەمەش دەتوانن پسولەی خۆیان جیا بکەنەوە.
باسی لەوەشکرد: لە ئایندیەکی نزیکدا، خزمەتگوزاری زیاتر بەردەست دەبێت بۆ جیاکردنەوەی پسولەی ئەو هاوسەرانەی کە تا ئێستا ناویان بە جیاواز لەسەر پسولەی خێزانی باوان یان خزمەکانیان ماوەتەوە.
رروونیشیکردەوە: بۆ ڕاییکردنی ئەم مامەڵەیە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە، پێویستە هاوسەرەکان کارتی نیشتمانی و بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییان هەبێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، ئەگەر کارتی نیشتمانیی هەردوو هاوسەرەکە نوێ بێت و "ژمارەی خێزانی" سەر کارتەکەیان یەکخراو بێت، ئەوا پێویستیان بە هاوپێچکردنی بەڵگەنامەی هاوسەرگیری نابێت.