وەزارەتی دارایی هۆشداری دەدات لەبڕینی مووچەی ئەم كەسانە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 277

راچڵەكین-

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت بەپێی بڕیاری حكومەتی فیدراڵ، هەر فەرمانبەرێك تارۆژی 31ی8ی2026، ئەگەر خۆی تۆمار نەكردبێـت  و كارتە بانكییەكەی وەرنەگرتبێتەوە، مووچەكەی رادەگیرێت و نانێردرێت بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی دارایی و ئابوریی لەنووسراوێكدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان، ئاماژەی بەوەكردووە:"لەدوایین كۆبوونەوەی هاوبەشی  نێوان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران، بریار درا بە دانانی كۆتا مۆڵەت بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ تەواوكردنی گشت رێكارەكان بۆ تۆماركردن لە (هەژماری من)."

"بەپێی بڕیاری حكوومەتی فیدراڵ هەر فەرمانبەرێك تاوەكوو 31ی8ی2026، ئەگەر خۆی تۆمار نەكردبێـت  و كارتە بانكییەكەی وەرنەگرتبێتەوە، شایستەی داراییەكەی و مووچەكەی لە لایەن حكوومەتی فیدراڵ رادەگیرێت و نانێردرێت بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان."

ئەوەش خراوەتە روو كە پڕۆسەی دروستكردنی كارتەكان لە كاتی خۆتۆماركردنەوە نزیكەی مانگێك دەخایەنێت.

وەزارەتی دارایی هەموو وەزارەتەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە رێكاری پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی كە سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران خۆیان تۆمار كردووە و كارتەكانیان وەرگرتووەتەوە.

بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی دارایی تا 2ی حوزەیرانی 2026، ملیۆنێك و 168 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە (هەژماری من) تۆمار كراون و زیاتر لە 830 هەزار كارتی بانكی دابەش كراوە و بۆ مووچەی مانگی ئایاریش 800 هەزار كەس لە ڕێگەی 635 ئامێری ڕاكێشانی پارە (ATM)ەوە مووچەیان وەرگرتووە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن