حكومەت بڕیارێك لە بەرژەوەندی كرێكارانی كەرتی تایبەت دەردەكات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 82

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێشنیارێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ دیاریكردنی كەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی كرێكارانی كەرتی تایبەت، بە بڕی 500 هەزار دینار پەسەند دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، پوختەی كۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵ و گومرگی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا خرایە ڕوو، كە لە ڕۆژی 2026/6/18 لە بەغدا واژۆ كرا.

لەمبارەیەوە لیژنەی تەكنیكیی حكومەتی هەرێمی كوردستان وردەكاریی كۆنووسی كۆبوونەوەی هاوبەش و لەیەكترگەیشتنی سەرەتایی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بۆ ئەنجومەن خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، بە بایەخەوە لە لەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو لا دەڕوانێت كە ئامانجی یەكخستنی ڕێكارە گومرگییەكان لە سەرتاسەری عێراق و بەئەلكترۆنیكردنی ڕێكارە گومرگییەكان و پەرەپێدانی ڕوونی و شەفافیەتە لە داهاتی سنوورە گومرگییەكان، كە لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی زیادكردنی داهاتی گشتی و كەمكردنەوەی ڕووتین و برەودان بە جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكان، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە پشتیوانیی ئەم هەنگاوانە بووە و برەوی پێداوە.

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای پشتیوانی لە كۆنووسی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو دەستەی گومرگی فیدڕاڵ و هەرێم، لە هەمان كاتدا وەزارەتەكانی ( دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، ناوخۆ، پلاندانان، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، تەندروستی ) و دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری ڕاسپارد بۆ هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدراڵ بۆ ئامادەسازیی پەسەندكردنی كۆتایی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری كە بڕیارە حەفتەی داهاتوو ، شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا بكات.

هەر لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە حكومەتی فیدڕاڵ دەكات لە نزیكترین دەرفەتدا، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری ساز بكرێت بە مەبەستی پەسەندكردنی كۆتایی و جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكان كە ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە زیادكردنی داهاتی گشتی و بەكارهێنانەوەی لە خزمەتی گشتی هاووڵاتییان و هەروەها ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی دەستووری و قانونی نێوان دامەزراوە فیدڕاڵییەكان و هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا .

لە بڕگەی دووەمدا ، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی بابەتی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران كرد.

سەرەتا وەزیری كار وكاروباری كۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێكی پوختی خستەڕوو سەبارەت بە چاكسازییەكانی بواری خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران، بە تایبەتی بە دیجیتاڵكردنی ڕێكارەكان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و چالاككردنی سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و گلدانەوەی لێبڕینی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران و بەشداریی داراییی خاوەنكار لەم سندوقە و چالاكردنی نووسینگەكانی بەكارخستن و ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان، سەرەڕای سازدانی خولەكانی ڕاهێنان و فێركردنی پیشەكان، كە ئەم ڕێكارانەش وای كردووە كە ژمارەی ئەو پڕۆژانەی دەستبەر كراون، بگاتە نزیكەی 64 هەزار پڕۆژە، و سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی كرێكارانی دەستەبەركراو بە شێوازێكی بەرچاو، كە ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە نزیكەی 320 هەزار كرێكار، ئەوەی ئەم ڕێكارانە بووەتە هۆی هاندانی گەنجان بۆ پڕكردنەوەی دەرفەتەكانی كاركردن لە كەرتی تایبەت و دابینكردنی مافی خانەنشینی و وەرگرتنی پاداشتی كۆتایی خزمەت بۆیان دوای گەیشتنیان بە تەمەنی خانەنشینی بەگوێرەی یاسا بەركارەكان، لە دوا بڕگەی ڕاپۆرتەكەیدا، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، پێشنیاری دیاریكردنی كەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی كرێكارانی كەرتی تایبەت كرد بە بڕی پێنجسەد هەزار دینار.

سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشییان لە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كرد كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە چوارچێوەی بەرنامەی كاری حكومەتدا، بە هاوكاریی نووسینگەی سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران، كار و پڕۆژە و چالاكیی گرنگیان ئەنجامداوە لەم بوارەدا.

ئەنجومەنی وەزیران بە بایەخەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو هەنگاو و ڕێكارانە كرد كە بوونەتە هۆی برەودان بە بەكارخستن لە دەرفەتەكانی كاركردن لە كەرتی تایبەت و هەوڵدان بۆ یەكسانكردنی مافەكانی خانەنشینی و دەستەبەر لە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی و پاراستنی مافی كرێكاران و چالاككردنی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ، پێشنیاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پەسەند كرد بۆ دیاریكردنی كەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی كرێكارانی كەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن