راچڵەكین -
پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند كە قاسەیەكی پڕ لە پارەیان لە كارگەیەك دزیبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 24-6-2026 بڵاوكراوەتەوە، هێزەكانی بەشی نەهێشتنی تاوان (نوسینگەی ڕاستی، توانییان چوار تۆمەتبار دەستگیر بكەن، كە بە گروپ قاسەیەكی پڕ لەپارەیان لە كارگەیەك دزیبوو.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای كۆكردنەوەی زانیاری ورد و بەدواداچوونی چڕ، هێزەكانی پۆلیسی هەولێر توانییان شوێنی تۆمەتباران دەستنیشان بكەن و لە ئۆپەراسیۆنێكی سەركەوتوودا دەستگیریان بكەن. لە ئێستاشدا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران كراوەتەوە و رەوانەی دادگا كراون، تا بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.