وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
حكومەتی ئیسرائیل لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئاگربەست لە غەززە، ژمارەیەكی دیكەی زیندانیكراوانی فەلەستینی ئازاد كرد و لەڕێگەی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە گەیەندرانەوە كەرتی غەززە.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-6-2026، حكومەتی ئەو وڵاتە 13 زیندانیكراوی دیكەی فەلەستینی ئازادكرد كە لەكاتی هێرشەكان بۆسەر كەرتی غەززە دەستگیركرابوون، سەرجەمیان لەڕێگەی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە رەوانەی شاری دێرلبەلەح لە ناوەڕاستی كەرتی غەززە كرانەوە.
حكومەتی ئیسرائیل لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە، تائێستا زیاتر لە سێ هەزار زیندانیكراوی فەلەستینی ئازاد كردووە، بڕیاریشە لە داهاتوودا سەدانی زیندانیكراوی دیكەی فەلەستینی ئازاد بكرێن، كە تائێستا لە گرتوخانەكانی ئیسرائیلدا ماونەتەوەو بەشێكیان حوكمی زیندانیكردنی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ئامارەكانی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی فەلەستینی كە بەشێكیان ژن و منداڵن و بە تاوانی جیاجیا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیركراون، لە گرتووخانەكانی ئەو وڵاتە لە دۆخێكی ناهەمواری مرۆییدان.