وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
رووسیا و ئۆكراینا لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان، ژمارەیەكی دیكەی سەربازەكانی یەكتریان ئازاد كرد كە لە بەرەكانی جەنگدا بەدیل گیرابوون.
ئەمڕۆ هەینی 26-6-2026، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لە دانوستانەكانی ئیستانبوڵ كرا، كە یەكێك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە، ئازادكردنی سەربازە دیلەكانە، 160 دیلی جەنگی ئۆكراینا ئازاد كران و لەڕێی تیمی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە رەوانەی وڵاتەكەیان كرانەوە، لە بەرامبەردا ئۆكرایناش 160 سەربازی رووسیای ئازاد كرد.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئاشكریكرد، پرۆسەی ئاڵوگوڕكردنی دیلەكانی جەنگ لە نێوەندگیریی ئیمارات بووە، سەربازە دیلەكانی رووسیا دوای ئازادبوونیان، رەوانەی بێلارووس كراون و دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، دەگەڕێندرێنەوە بۆ رووسیا رەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە.
تائێستا رووسیا و ئۆكراینا هەزاران سەربازی یەكتریان ئازادكردووە، كە لە بەرەكانی جەنگدا بەدیل گیرابوون، سەرەتای ئەم مانگەش 370 سەربازی دیل لەنێوان هەردوو وڵات ئازادكران.
ئازادكردنی دیلەكانی جەنگ، لەكاتێكدایە شەڕ و پێكدادانی قورس لە سەرجەم بەرەكانی جەنگ لەنێوان رووسیا و ئۆكراینا بەردەوامە و سوپای رووسیاش پێشڕەویی بەرچاوی كردووە و لەماوەی هەفتەی رابردوودا چەندین شار و ناوچەی گرنگ و ستراتیجیی ئۆكراینای كۆنترۆڵكردووە.